کۆنگرەی جەهەپە؛ کێبڕکێیەکی تووند لەنێوان کڵچدارئۆغڵو و رکابەرەکەیدا هەیە

05-11-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە 38ـەمین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) هەریەکە لە ئۆزگور ئۆزەل و کەمال کڵچدارئۆغڵو رکابەریی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی حیزبەکە دەکەن و لە گەڕی یەکەمدا ئۆزگور ئۆزەل بە جیاوازیی 18 دەنگ لە پێش کەمال کڵچدارئۆغڵو بوو، بەڵام بەهۆی بەدەستنەهێنانی دەنگی پێویست لەلایەن هیچ کام لە بەربژێرەکانەوە، دەنگدانەکە کەوتە گەڕی دووەم.
 
دەنگدانی ئەندامانی سەرکردایەتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە 38ـەمین کۆنگرەی پارتەکە کۆتاییهات و دەست بە ژماردنی دەنگەکان کرا. ئۆزگور ئۆزەل کە سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپەیە و بەربژێرە بۆ پۆستی سەرۆکی گشتی و 682 دەنگی بەدەستهێنا. هەروەها کەمال کڵچدارئۆغڵو کە سەرۆکی گشتیی جەهەپەیە و بەربژێرە بۆ هەمان پۆست، 664 دەنگی بەدەستهێنا. بەمجۆرە دەنگدانەکە کەوتە گەڕی دووەم.
 
دەنگی پێویست بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی جەهەپە 684 دەنگە. بەو پێیەش لە گەڕی یەکەمدا، ئۆزگور ئۆزەل تەنیا دوو دەنگی پێویست بوو بۆ ئەوەی راستەوخۆ ببێتە سەرۆکی گشتیی جەهەپە. 
 
بڕیار درا دووبارە دەنگدان بە سەرۆکی نوێی پارتەکە دەستپێبکاتەوە و کاژێر 01:00 بە کاتی ئەنقەرە [هەمان کاتی هەولێر] دووبارە دەست بە هەژمارکردنی دەنگەکان بکرێت. 
 
بەگوێرەی میدیای جەهەپە، 20 ئەندامی سەرکردایەتیی پارتەکە دەنگی بەتاڵیان داوە. 
 
تاوەکو دەستپێکردنی کاتی کۆنگرە، 55 سەرۆکی لقی رێکخستنی شارەکان و 64 پەرلەمانتاری فراکسیۆنی جەهەپە پشتیوانیی خۆیان بۆ کەمال کڵچدارئۆغڵو دەربڕیبوو. لە بەرامبەردا ئەندامانی کۆنگرە لە بازنەکانی ئەنقەرە، ئیستەنبووڵ، ئیزمیر، ریزە، ترابزۆن و 39 پەرلەمانتار پشتیوانی خۆیان بۆ ئۆزگور ئۆزەل دەربڕیبوو. 
 
جەهەپە لە 9ـی ئەیلوولی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا، لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەریەک حکومەتی پێکهێنا. پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 37 کۆنگرەی ئاسایی و 19 کۆنگرەی نائاسایی سازکردووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە