گوتەبێژی دەم پارتی: بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە بۆ هەر ئەرکێک ئامادەین

03-03-2025
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، پاڵپشتی لە بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەکەن. داوای لە پارتە سیاسییەکانی تورکیا کرد، پاڵپشتی لە پرۆسەی چارەسەری بکەن و دەشڵێت: ''چارەسەرکردنی پرسی کورد، واتە بەدیموکراسیبوونی تورکیا.''
 
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، رۆژی دووشەممە، 3ی ئاداری 2025، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای سەرەکیی پارتەکەی لە ئەنقەرە رایگەیاند: ''بانگەوازەکەی 27ی شوبات لە هەموو جیهان دەنگیدایەوە، ئێمەش وەک دەم پارتی لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە؛ پاڵپشتی لەو بانگەوازە مێژووییەی بەڕێز ئۆجەلان دەکەین''.
 
گوتەبێژی دەم پارتی گوتی: ''بۆ ئەوەی پێویستییەکانی ئەم بانگەوازە جێبەجێ بکرێن و لەمەودوا پرۆسەکە بەخێرایی بەڕێوەبچێت، بۆ هەر ئەرک، بەرپرسیارێتییەک و دەستپێشخەرییەک ئامادەین و بەخۆشحاڵییەوە جێبەجێیدەکەین''.
 
شاندی ئیمراڵی، رۆژی 27ی شوباتی 2025 لە ئیستەنبووڵ کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی سازکرد و بانگەوازەکەی ئۆجەلانی خوێندەوە. ئۆجەلان لە بانگەوازەکەدا بۆ پەکەکە گوتی، "کۆنگرەکەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە هەموو گرووپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
 
دۆغان ئاماژەی بەوە کرد، بانگەوازەکەی ئۆجەلان لە تورکیا و وڵاتانی جیهان کاردانەوەی زۆری بەدواداهات ''ئەمە دەرخەری ئەوەیە، پرسی کورد و کێشەی دیموکراسی لە تورکیا، کێشەیەک نییە تەنیا لە چوارچێوەی تورکیا سنووردار بێت''.
 
گوتەبێژی دەم پارتی پاڵپشتیی لە ئاگربەستەکەی پەکەکە کرد و گوتی: ''ئەم راگەیێندراوە دەرفەتەکە بەهێزتر دەکات، ئێمە تورکیایەکی پڕ لە گرژی و شەڕوپێکدادانمان ناوێت، تورکیایەکمان دەوێت، تێیدا شەڕ بەشێوەیەکی هەمیشەیی بنبڕ بکرێت و ئاشتیی هەمیشەیی بەقەرار بێت''.
 
دۆغان باسی لەوەش کرد کە ''دەوڵەت و دەسەڵات پێویستە ئەو هەلومەرجانەی پێویستن بیانڕەخسێنێت، لەمەدا خێرایی و درەنگ نەخستنی پرۆسەکە گرنگە. هەر شتێک بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی' پێویست بێت، دەبێت بکرێت''. 
 
دۆغان پێیوایە، لە ئاشتیدا کەس نادۆڕێت و لە شەڕیشدا کەس نایباتەوە. داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی تورکیا کرد بەدەم بانگەوازەکەی ئۆجەلانەوە بچن، گوتیشی: ''چارەسەرکردنی پرسی کورد، واتە بەدیموکراسیبوونی تورکیا''.
 
گوتەبێژی دەم پارتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەی لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردینی پشتڕاستکردەوە.
 
کۆمیتەی رێڤەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 1ی ئاداری 2025، رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن و جێبەجێی دەکەن و "لە ئەمڕۆوە ئاگربەست رادەگەیێنن."
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە