تورکیا ئینستاگرامی بلۆککرد

دوێنێ کاژێر 07:43
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دەستگەیشتن بە ئینستاگرام کە یەکێکە لە گەورەترین پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا لە جیهان دا، لە تورکیا بلۆک کرا. بەکارهێنەران کێشەیان هەیە لە چوونە نێو پلاتفۆرمەکە. 
 
کاتێک پرسیار لە ماڵپەڕی دامەزراوەی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری (BTK)ی تورکیا دەکرێت، دەنووسرێت، "بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا لە بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، دووی ئابەوە ناتوانن بچنە نێو ئینستاگرام."
 
لە ماڵپەڕەکەدا نووسراوە "instagram.com" بە بڕیاری دامەزراوەی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری لە 02/08/2024 و ژمارە 490.05.01.2024.-608983 رێگری لێکراوە." سەبارەت بە هۆکاری ئەو بلۆککردنە، تائێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن کاربەدەستانەوە نەدراوە. 
 
دوای ئەوەی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس، لە شوێنی مانەوەی لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا، بانگەشەی ئەوە کرا ئینستاگرام پۆستەکانی سەبارەت بە هەنییە بلۆک کردووە.
 
ئینستاگرام لەلایەن کۆمپانیای مێتاوە خاوەندارێتیی دەکرێت کە خاوەنی فەیسبووک، وەتسئەپ و سرێدزیشە. بەپێی یاساکانی مێتا، ئیسماعیل هەنییە لە نێو لیستی تیرۆردایە و پۆستکردن لەبارەیەوە قەدەخەیە. 
 
فەخرەدین ئاڵتون، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رۆژی 31ـی تەممووز لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، "هەرچەندە ئیسرائیل فەڵەستینی بکوژێت، دۆزی دادپەروەرانەی فەڵەستین لە مێژوودا ناسڕدرێتەوە. دەوڵەتی ئیسرائیل وەک ئەنجامدەری سێدارە و تیرۆر و داگیرکاری و جینۆساید دەچێتە مێژووەوە."
 
فەخرەدین ئاڵتون لە پۆستەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، "بە تووندی سەرکۆنەی پلاتفۆرمی ئینستاگرام دەکەم کە رێگری دەکات لە بڵاوکردنەوەی پەیامی سەرەخۆشی لەسەر شەهیدبوونی هەنییە بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێک بخاتەڕوو. ئەمە هەوڵێکی زۆر روون و ئاشکرایە بۆ سانسۆر."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە