رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی مەهەپە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێت، گەیشتووەتە قۆناخێکی گرنگ و دەشڵێت، ''تورکیا لەمبارەیەوە بەوریاییەوە سیاسەت دەکات''.
دەوڵەت باخچەلی رۆژی چوارشەممە، 2ـی نیسانی 2025، لە گوتارێکیدا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری بە رۆژنامەیەکی نزیک لە پارتەکەی راگەیاند، ''ھەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر بەردەوامن، تورکیا بۆ تێپەڕاندنی قۆناخێکی گرنگ لەمبارەیەوە، بە وریاییەوە سیاسەت دەکات''.
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پێیوایە، پرۆسەی چارەسەری بە قۆناخێکی گرنگ گەیشتووە. ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، ئەرک و بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی هەموو لایەنە سیاسییەکان.
باخچەلی لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان گوتی، ''تەنیا بانگەوازکردن بۆ دانانی چەک و بەبێ داواکاریی دەوڵەتێکی جیاواز، فیدراسیۆن، یان هەر جۆرە خۆسەرییەک، هەنگاوێکی گرنگ بوو لە دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێ لە تورکیا''.
ئەو گوتانەی باخچەلی لە کاتێکدان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆژی 27ـی شوباتی 2025 لە بانگەوازێکدا بۆ پەکەکە گوتی: "کۆنگرەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە چەک دابنێن و خۆتان هەڵبوەشێننەوە."
دوو رۆژ دواتر، پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن، بەڵام دەبێت رێبەری پەکەکە خۆی سەرپەرشتیی کۆنگرەکە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ