رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی گشتی سووریا ئەمڕۆ رایگەیاند مرهەف ئەبو قەسرە، وەک وەزیری بەرگری لە حکومەتی نوێی کۆماری عەرەبی سووریا دامەزرا.
رۆژی 21ـی ئەم مانگە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام پێدانی ئەو پۆستەی بە مرهەف ئەبو قەسرە راگەیاندبوو.
ئەبو قەسرە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی کشتوکاڵیدا بەدەستهێناوە. لەکاتی هێرشی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپە چەکدارەکانی دیکە بۆ رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد، سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەکرد.
ئەبو قەسرە تەمەنی 41 ساڵە، بە "ئەبو حەسەن حەمەوی" و "ئەبو حەسەن 600"ـیش دەناسرێت. لە گوندەواری حەما لەدایکبووە و پێشتر فەرماندەی سەربازیی دەستەی تەحریری شام بووە.
ئەو، پێشتر رایگەیاندبوو "دروستکردنی دامەزراوەی سەربازی، هەنگاوی داهاتوومانە و پێویستە هەموو هێزە سەربازییەکان لەخۆبگرێت، لەنێویاندا باڵی سەربازیی دەستەی تەحریری شام."
هەروەها ئاماژەی بەوە کردبوو "بیرکردنەوەی گرووپی چەکدار لەگەڵ بیرکردنەوەی دەوڵەت دا یەکناگرێتەوە."
ئەبو قەسرە یەکێک بوو لەو دوو فەرماندە سەربازییەی، رۆژی 28ـی ئەم مانگە پلەکەیان لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە بۆ لیوا بەرزکرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ