بەرپرسێکی یەکێتیی ئەورووپا: گوشار لە سووریا دەکەین بۆ ئەوەی کارە راستەکان بکەن نەوەک تەنیا قسە

25-03-2025
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێ پەیوەندیێکی تەواویان لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنیی سووریا هەیە "چونکە ئەوان راپۆرتی راست و دروستیان پێدەدەن" هەروەها دەڵێ "گوشار لە سووریا دەکەین بۆ ئەوەی کارە راستەکان بکەن نەوەکو تەنیا قسە."
 
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، رۆژی دووشەممە (24-3-2025) قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و لەبارەی حکومەتی کاتیی سووریا گوتی "بێگومان نیگەرانیمان هەیە، ئەوان (دەسەڵاتدارانی سووریا) شتە راستەکان دەڵێن، بەڵام ئایا ئەو شتە راستانە دەکەن؟ ئێمە لەگەڵ هەموو وڵاتە ئەندامەکان(ـی یەکێتیی ئەورووپا) باسی ئەوەمان کردووە."
 
روانگەی یەکێتیی ئەورووپا بە گوتەی ئەو ژنە سیاسەتڤانەی یەکێتیی ئەورووپا ئەوەیە، "سووریایەکی سەقامگیرمان دەوێت. خەڵکی سووریا بە ئازارێکی زۆردا تێپەڕین. سووریا وڵاتێکی زۆر فرەلایەنە و چەندین گرووپی جیاوازی تێدایە؛ بۆیە، پێویستە ئەو گرووپانە بخرێنە نێو حکومەتەوە بۆ ئەوەی سووریا بەڕێوەببەن."
 
لەبارەی "پلانی ئێستای" یەکێتیی ئەورووپاش بۆ داهاتووی سووریا، کایا کالاس جەختی کردەوە لەوەی "ئێمە گوشاریان لێدەکەین بۆ ئەوەی کارە راستەکان بکەن نەوەک تەنیا قسە بکەن. ئێمە هەروەها لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنیی سووریا پەیوەندیی تەواومان هەیە، چونکە ئەوان راپۆرتی زۆر راست و دروستمان پێدەدەن. پێموایە کە پەنجەرەیەکی بچووکی دەرفەتمان هەیە بۆ ئەوەی شتەکان بخەینەوە سەر رێچکەی خۆیان و دەبێت ئەوە بکەین، چونکە بژاردەی دیکەمان نییە."

 

گوتەکانی بەرپرسە ئەورووپییەکە لەکاتێکدایە؛ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش رۆژی هەینی کۆمەڵکوژیی ئەم دواییەی خەڵکی سڤیلی سووریای سەرکۆنە کرد و داوای لە حکومەتی راگوزەری ئەو وڵاتە کرد، بێ رەچاوکردنی ئایین و نەتەوە، رێز لە هەموو پێکهاتەکان بگرێت.
 
لەو کاتەوەی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەم لە دەسەڵات نەماوە، زۆربەی عەلەوییەکان دەترسن لەلایەن پێکهاتەکانی دیکە تۆڵەی ئەو ئازار و ئەشکەنجەیەیان لێ بکرێتەوە کە لە ماوەی فەرمانڕەوایی ئەسەددا تووشی ببوون.
 
شەڕ و پێکدادانە دوای ئەوە دەستیان پێکرد کە ژمارەیەک چەکداری لایەنگری ئەسەد، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی راگوزەری سووریایان خسە بۆسەیەکەوە و چەند ئەندامێکیان کوشتن.
 
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا، کە سەرۆکایەتیی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) دەکات، بەڵێنی داوە ئەو کەسانە دادگایی بکات کە لە پشت "خوێنڕشتنی خەڵکی سڤیلەوەن". 
 
هەتەشە لقێکی پێشووی رێکخراوی قاعیدە بوو لە سووریا، هێشتا لەلایەن چەندین وڵاتەوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن کراوە، لەنێویاندا ئەمریکا.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە