حەسەن دغێم: کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی رەققە، حەسەکە و دێرەزوور بانگهێشتی دیالۆگی نیشتمانی دەکەین

24-02-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا دەڵێت، لەگەڵ کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی سووریا (رەققە، حەسەکە و دێرەزوور) لە سەرجەم چین و توێژەکان کۆبوونەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ ئەو کەسانە دەنێرن کە بڕیاریان داوە بەشداریی کۆنفرانسەکە بکەن.
 
یەکشەممە 23-02-2025 لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا لە باڵەخانەی وەزارەتی راگەیاندن لە دیمەشق کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان رێکخست؛ باسیان لەوە کرد، لە ئەمڕۆوە بانگهێشتنامەکان ئاراستەی کەسایەتییە پەیوەندیدارەکان دەکرێت بۆ بەشداریکردنیان لە کۆنفرانسەکە.
 
حەسەن دغێم، گوتەبێژی کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێکهێنانی حکومەت لە رێڕەوی گشتیدا پشت بە راسپاردە و نەخشەڕێگەیەک دەبەستێت کە لە کۆنفرانسەکە سەرچاوە دەگرێت." جەختی لەسەر گرنگیی ئەم لایەنە کردەوە لە بەهێزکردنی میکانیزمی پەیوەندیی تۆکمە.
 
سەبارەت بە خەڵکی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی سووریا، وەکو رەققە، حەسەکە و دێرەزوور؛ دغێم گوتی، "لیژنەی ئامادەکاری لەگەڵ کەسایەتییە بەرچاوەکانی کۆمەڵگە لە هەموو چین و توێژەکان و پێکهاتەکان کۆبوونەتەوە، ئەمڕۆش دەست دەکرێت بە ئاراستەکردنی بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ ئەوانەی بڕیاریان داوە ئامادەی ئەم کۆنفرانسە بن."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، بانگهێشتنامەکان ئاڕاستەی کەسایەتییە پەیوەندیدارەکان دەکرێت چ لە ناوەوەی سووریا یان دەرەوەی بێت. راشیگەیاند، "سبەی لە دیمەشق پێشوازییان لێدەکرێت. دواتریش شوێن و کاتی بەستنی کۆنفڕانسەکە دیاری دەکرێت."
 
حەسەن دغێم راشیگەیاند، لیژنەکە زیاتر لە 30 کۆبوونەوەیان لەگەڵ نزیکەی 4000 کەس لە پارێزگا جیاجیاکانی سووریا کردووە. لە کۆبوونەوەکاندا زیاتر لە 2200 پێشنیاز و تێڕوانین و بیرۆکەیان تۆمارکردووە و 700 کەسیش بە نووسراو بەشدارییان کردووە. "ئامانج لە کۆبوونەوەکان بۆ دڵنیابوون بووە لەوەی نوێنەری هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریایی بەشداربن."
 
دغێم دووپاتی کردەوە، ئەم فرە رەگەزییە لە بەشدارییەکان "ئاماژەیەکی دروستە لەسەر توانای سوورییەکان بۆ دیالۆگ و پێکەوەژیان. پێمانوایە ئەم فرەیی و جۆراوجۆرییە کۆمەڵایەتییە سەرچاوەی هێزە بۆ سووریاییەکان."
 
بە گوتەی گوتەبێژی کۆمیتەکە، دیالۆگی نیشتمانی "تەنیا کۆنفڕانس و چالاکییەکی قۆناخی نییە، بەڵکو رێبازێکی بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی کێشە نیشتیمانییەکان بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە و قۆناخ بە قۆناخ". پێیوایە کۆنفڕانسەکە "هەنگاوی یەکەمە لە ڕێڕەوێکی نیشتیمانی درێژخایەن کە ئامانجی بنیاتنانی ناسنامەیەکی نیشتیمانی نوێی سوریاییە کە ئاشتی نێوخۆیی دەپارێزێت و خواستەکانی گەلی سووریا بەدی دەهێنێت."
 
لیژنەکە پشتڕاستی کردەوە کە کۆنفڕانسەکە شێوازێکی کردەیی وەردەگرێت لە رێگەی وۆرکشۆپی پسپۆڕی بە بەشداری شارەزایان و پسپۆڕان. ئاماژەی بەوەش کرد، رێککەوتنێکی فراوان هەیە لەسەر ئەولەویاتەکان کە دادپەروەری راگوزەر، بنیاتنانی دەستووری، چاکسازی دامەزراوەیی و ئابووری، یەکپارچەیی خاکی سووریا و ئازادییە گشتی و سیاسییەکان دەگرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای بەریتانیا و سووریا.

بەریتانیا سزاکانی سەر وەزارەتی نێوخۆ و بەرگریی سووریا هەڵدەگرێت

حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، سزا لەسەر 12 دامەزراوەی حکومیی سووریا هەڵدەگرێت؛ لەوانەش وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی ناوخۆ، چەند دامەزراوەیەکی دارایی، میدیایی و وزە. وەزارەتی دەرەوەی سووریا رایگەیاند: "ئەمە بۆ بووژانەوە، چاکسازی و بنیاتنانەوە گرنگە."