رووداو دیجیتاڵ
خەڵکی سووریا هاتوونەتە دەرەوە و خۆشیی ساڵی نوێ و ئازادبوونیان ئاوێزانی یەکدی بوونە. ئەوەی لە وێنەکاندا دەردەکەوێت، یەکەم ئامادەکاریی ئاهەنگی ساڵی نوێیە، لە سووریای دوای رووخانی بەشار ئەسەد.
وێنەکان لە گۆڕەپانی 'بەیرووت'ـی دیمەشقی پایتەخت گیراون. گۆڕەپانەکە نوێیە و بۆ یەکەم جار ئامادەکاریی ئاهەنگی سەری ساڵی تێدا دەکرێت.
لە وێنەیەکدا دەردەکەوێت، چەند کچێک خۆشی دەردەبڕن و پاسەوانەکانی حکومەتی نوێی سووریا، پارێزگارییان لێدەکەن.
هودا محەممەد، کچێکی 21 ساڵانە و بە رووداوی گوت: "ئەمشەو بۆ ئێمەی گەنج، هەموو شتێک یەکلایی بووەوە، ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەی هەمانبوو نەما. لە کەشێکی ئارام و خۆش لەگەڵ هاوڕێکانمان هاتووین کاتێکی خۆش بەسەربەرین. ئەوە یەکەم کریسمسە هەوای ئازادی تێیدا هەڵدەمژین."
رۆژی 8ـی کانوونی دووەم دەسەڵاتی بەشار ئەسەد رووخا و ئێستا حکومەتی نوێ بەڕێوەی دەبات. هاووڵاتییانی وڵاتەکەش داوای دیموکراسی لە دەسەڵاتی نوێ دەکەن.
بەپێی بەدواداچوونی کەنیسەکان، لە ساڵی 2011، ملیۆنێک و 500 هەزار کریستیان لە سووریا دەژیان، بەڵام بەهۆی شەڕ و قەیرانەکانەوە ئێستا ژمارەیان بووە بە 300 هەزار.
لە ساڵی 2011 بۆ 2020، 120 کەنیسە و پەرستگەی کریستیانەکان خاپوورکراون. 60٪یان بە دەستی هێزەکانی حکومەت بووە، ئەوەی دیکەش داعش، دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی دیکە کردوویانە.