سێنتکۆم: بەرپرسێکی باڵای داعشمان لە سووریا کوشت

19-06-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای ئەمریکا کوشتنی بەرپرسێکی باڵای داعش لە سووریا رادەگەیێنێت و دەڵێت، "کوژرانی ئەو دەبێتە هۆی پەکخستنی هێرشە تیرۆریستییەکانی داعش."
 
رۆژی چوارشەممە 19-06-2024 فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا- سێنتکۆم لە ئێکس بڵاویکردەوە، "لە هێرشێکدا بەرپرسێکی باڵای داعشمان لە سووریا کوشت کە لە هەمانکاتدا هاوئاهەنگیکاریش بووە".
 
بەپێی سێنتکۆم، "هێرشەکە لە 16-06-2024 کراوە. ئەو بەرپرسە ناوی ئوسامە جەمال محەممەد ئیبراهیم جەنابییە. کوژرانی ئەو دەبێتە رێگەگرتن لە تواناکانی داعش لە هێرشی تیرۆریستی".
 
ئەمریکا هەروەها دەڵێت، هیچ سڤیلێک لەو هێرشە ئازاری پێنەگەیشتووە.
 
رۆژی 6ـی نیسانی 2024، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماری سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵی ئۆپەراسیۆنەکانی لە باشووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا بڵاوکردەوە. 
 
لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی باشووری کوردستان و عێراقەوە سێنتکۆم رایگەیاند، "66 ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان کردووە و 11 چەکداری داعش کوژراون و 36 چەکداری دیکەش دەستگیرکراون".
 
سێنتکۆم لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریاش بڵاویکردەوە، "لە سووریا 28 ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان کردووە و 7 چەکداری داعش کوژراون و 27 چەکداری دیکەش دەستگیرکراون".
 
لە راگەیێندراوەکەی سێنتکۆمدا هەروەها باس لەوەکرابوو، "بەردەوامیی گەڕان بۆ نزیکەی 2,500 چەکداری داعش بەگشتی لە سەرانسەری عێراق و سوریا هەوڵێکی گرنگە بۆ شکستی بەردەوامی داعش".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە