رووداو دیجیتاڵ
چیرۆکەکانی زیندانی سیدنایا زۆرن و رۆژانە نهێنیی وا ئاشکرا دەبن، کە خەڵک تووشی شۆک دەکەن.
ئەم وێنانە دیوارەکانی بەشێک لەو ژوورە تاریکانەن کە لە زیندانی سیدنایا پێیان دەگوترا "زیندانی سوور"، لێرە ئەو کەسانە زیندانی کراون کە سزای لەسێدارەدانیان هەبووە، یان تۆمەتی گەورەیان دراوەتە پاڵ.
بەپێی ئەو کەسانەی چیرۆکی نێو زیندانەکەیان بۆ رووداو باس کردووە، "هەر کەسێک بردراوەتە زیندانی سوور، دوای چەند رۆژێک لەلایەن رژێمی بەشار ئەسەدەوە لەسێدارە دراوە."
زیندانییەکان، دوایین پەیامیان لەسەر دیوارەکانی زیندانەکە نووسیوە، پێش جێبەجێبوونی سزای لەسێدارەدان.
بەشێکی نووسینەکان، ئایەتی قورئانن، بەشێکیان نزا و پاڕانەوەن لە خوا، هەندێکیشیان پەیامی هیوایان هەڵگرتووە؛ لەسەر دیوارێک نووسراوە "الفرج قریب'' واتا ''رزگاربوون نزیکە.''
زیندانی سیدنایا لە دووریی 30 کیلۆمەتر لە باکووری شاری دیمەشقی سووریایە. زیندانەکە لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگریی سوریادا بوو و لەلایەن پۆلیسی سەربازیشەوە بەڕێوەدەبرا.
زیندانەکە لە دوو باڵەخانە پێکدێت، یەکێکیان بە باڵەخانەی سپی و ئەوی دیکە بە سوور ناسراوە. هەردوو باڵەخانەکە توانای لەخۆگرتنی 10 بۆ 20 هەزار زیندانییان هەبوو.