رووداو لە دیمەشقەوە ژیانی بەئازاری پیاوێک نیشاندەدات کە 43 ساڵی لە زیندانی سیدنایا بەسەربرد

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
رووداو لە دیمەشقەوە دۆخی ژیانی رزگاربووانی سیدنایا نیشاندەدات
رووداو لە دیمەشقەوە دۆخی ژیانی رزگاربووانی سیدنایا نیشاندەدات
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
چیرۆکی ئازار و ئەشکەنجەدانی زیندانییانی سیدنایا لە سووریا تەواو نابن؛ رووداو چووە نێو ئەو نەخۆشخانەیەی قوربانییانی ئەو زیندانە چارەسەری تێدا وەردەگرن لە دیمەشق و چیرۆکی قوربانییەکان دەگێڕێتەوە، یەکێک لەوان 43 ساڵی تەمەنی "بەبێ هۆکار" لەو زیندانە بەسەربردووە.
 
بەشێک لەو هاووڵاتییە سووریاییانەی کەسوکاریان لە زیندانەکەدا بوون و بێسەروشوێنن لە نەخۆشخانەکان دا دەگەڕێن، بە ئومێدی شادبوونەوە بە رۆڵەکانیان.
 
محەممەد سەلمو، 43 ساڵ ئازار و ئەشکەنجەی زیندانی سیدنایای چەشتووە، لە تەمەنی 19 ساڵییەوە لە زیندانە و تائێستا کەسوکارەکەی نازانن لەسەر چی دەستگیرکراوە، دۆخی محەممەد بەجۆرێکە، نە دەتوانێت قسە بکات، نە لەسەر پێیەکانی بڕوات.
ئەحمەد حوسین، برازای محەممەد سەلمو باسی دۆخی مامی بۆ رووداو دەکات و دەڵێ "دۆخی سفرە، زۆر زۆر ماندووە، هیچ شتێکی بیر نەماوە، هیچ قسەیەک ناکات و وەڵامی هیچ ناداتەوە، زۆر دەترسێ، کاتێک قسەی لەگەڵ دا دەکەی رادەچەڵەکێت و دەترسێت، لە هەمووان دەترسێ."
 
دەیان چیرۆکی هاوشێوە لەوێ هەن، دایکی عەللا لەگەڵ کەوتنی ئەسەد زیندان و نەخۆشخانە نەماوە بۆی نەچووبێت تاوەکو سۆراخی کوڕە زیندانیکراوەکەی بکات، بەڵام لەکۆتاییدا بەچاوی پڕ فرمێسکەوە، بێ هیوا بوو.
 
دایکی عەلا رەمەزان بۆ رووداو قسەی کرد و گوتی "نایدۆزمەوە، 14 ساڵە بێسەروشوێنە، بەخوا 14 ساڵە بەبێ ئەوەی هیچی کردبێت، رۆیشت و نەگەڕایەوە، نە خۆپێشاندانی کردبوو نە هیچ کارێک، شوێن نەماوە بەدوایدا نەگەڕێم؛ نازانم مردووە یان ماوە، هەرچی دەگەڕێم نییە، خوای گەورە لەناویان ببات وا ئاوایان لێکردین."
 
تەنیا لە نەخۆشخانەی مواسات لە دیمەشق، زیاتر لە 100 زیندانیی بریندار هەن، بەشێکیان دوای وەرگرتنی چارەسەر بە کەسوکاریان شادبوونەتەوە، بەڵام هێشتا ژمارەیەکەیان ماون، کە بەهۆی ئەوەی باری دەروونیان تێکچووە، کەس ناناسنەوە و نازانن لەکوێوە هاتوون.
 
نەدین مەتنی، سەرۆکی تیمی ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەکە بۆ رووداو باسی لەوە کرد "دۆخەکە زۆر زۆر ماندووکەر بوو، بەڵام ئێمە ویستمان کەشێک دروست بکەین تاوەکو زیندانییەکان هەست بە ئارامی بکەن، دەرمانی پێویستمان بۆیان بەکارهێناوە بەپێی حاڵەتەکانیان."
 
بە گوتەی هێزەکانی سەر بە دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) بێت، هێشتا زیندانی نهێنی ماون و دەستیان پێ نەگەیشتووە لە هەوڵدان جێگەکانیان ئاشکرا بکەن.
 
تیمی رووداو لە سووریایە بۆ رووماڵی دوایین پێشهاتەکانی ئەو وڵاتە، کە لە 8-12-2024 کۆتایی بەدەسەڵاتی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنرا و ئێستاش دۆخی وڵاتەکە ئاڵۆزە. 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە