رووداو دیجیتاڵ
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا رایگەیاند، نابێت وڵاتانی ئەورووپا پەلە بکەن لە بڕیاری ناردنەوەی پەنابەرانی سووریا بۆ وڵاتەکەیان. داواشی لە وڵاتان و بەتایبەت ئیسرائیل کرد دەستوەردانی سەربازی لە سووریادا نەکەن.
رۆژی سێشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2024. گیێر پێدرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە جنێڤ رایگەیاند، "هێشتا دۆخی نێوخۆی سووریا ئاسایی نەبووەتەوە و "دۆخەکە هێشتا ناسکە."
پێدەرسن دەڵێت، "هەرچەندە زۆرێک لە سووریاییەکان بەپەرۆشن بۆ گەڕانەوە وڵاتی خۆیان، بەڵام هێشتا ئاڵنگاریی زۆر لە سووریا هەیە، بەتایبەتی دۆخی مرۆیی هێشتا پڕە لە نەهامەتی و دۆخی ئابووریش داڕماوە."
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا گوتی، زۆر لە سووریاییەکان حەز دەکەن بەزووترین کات بگەڕێنەوە، بۆیە دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاری زیاتر بکەن و هاوکارییان بکەن بە خەونەکەی خۆیان بگەن.
لەگەڵ ئەوەی لە رۆژی یەکشەممەوە دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار ئەسەد کۆتایی هاتووە، بەڵام هێشتا شەڕوپێکدادان هەیە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵات لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی نزیک لەتورکیا. ئەمە جگە لە بۆردوومانی بەردەوامی سوپای ئیسرائیل، لەگەڵ فراوانبوونی ناوچە لە چەکداماڵدراوەکەی ئیسرائیل لەباشووری ئەو وڵاتە.
لەدوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەورووپی، پرۆسەی پێدانی مافی پەنابەرێتیان بە پەناخوازانی سووریا راگرت؛ لەنێویاندا ئەڵمانیا، بەریتانیا، نەمسا، فەرەنسا و یۆنان.
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011، زیاتر لە 14 ملیۆن کەس ئاوارەی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون.
بەگوێرەی حکومەتی ئەڵمانیا، زیاتر لە 47 هەزار پەناخوازی سووریایی لە ئەڵمانیا چاوەڕوانی وەرگرتنی مافی پانەبەرێتیی هەمیشەیی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ