سووریا

ژمارەیەک خەڵک ئەمڕۆ (یەکشەممە، 8-12-2024) لە شەقامێکی دیمەشق وێنەی بەشار ئەسەد و درووشمەکانی حکومەتەکەی دەدڕێنن. وێنە: LOUAI BESHARA / AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
دوای کەوتنی رژێمی ئەسەد، ئەنجوومەنی نیشتمانیی راگوزەری سووریا لە راگەیێندراوی یەکەمی خۆیدا رایگەیاند، رژێمی بەشار ئەسەد رووخا و بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵات"، راشیگەیاند، بەگوێرەی یاسا و دادگە لێپرسینەوە لە سەرجەم ئەوانە دەکەن کە تاوانیان دژی گەلی سووریا کردووە.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی راگوزەری سووریا لە یەکەم راگەیێندراوی خۆیدا دەڵێ "دوای ساڵانێکی زۆر لە ستەم و زۆرداری، دوای قوربانیدانی گەورە لەلایەن کچان و کوڕانی ئەم نیشتمانە قەدرگرانە، ئەمڕۆ بۆ گەلی سووریای مەزن و جیهانی رادەگەیێنین؛ رژێمی بەشار ئەسەد رووخا و بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵات، کە لە دوای خۆی کاولکاری و نەهامەتی بەجێهێشت."
ئەنجوومەنەکە ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەمڕۆ ئێمە لەم رۆژە مێژووییەدا، رایدەگەیێنین هێزی شۆڕش و ئۆپۆزیسیۆن کاروباری سووریای ئازیزیان کەوتووەتە دەست، پابەندیی خۆمان بە بونیادنانەوەی دەوڵەتێکی ئازاد، دادپەروەر و دیموکراتی دووپات دەکەینەوە کە هەموو هاووڵاتییان تێیدا یەکسان بن بەبێ جیاوازی."
ئەنجوومەنی نیشتمانیی راگوزەری سووریا کۆمەڵێک بەڵێن بە هاووڵاتیانی سووریا دەدات و رایدەگەیێنێت:
لەبەرامبەر خوا و گەلی خۆمان ئەم بەڵێنانە دەدەین:
1. پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەروەرییەکەی.
2. پاراستنی تەواوی هاووڵاتییان و ماڵ و موڵکیان، بەبێ گوێدانە ئینتیمایان
3. کارکردن بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەت و دامودەزگەکانی لەسەر بنەمای ئازادی و دادپەروەری
4. کارکردن بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و گەڕاندنەوەی ئاوارە و پەنابەران بۆ زێدی خۆیان بە سەربەرزی و ئارامی.
5. بەگوێرەی یاسا و دادگەری لێپرسینەوە لە سەرجەم ئەوانە دەکەین کە تاوانیان دژی گەلی سووریا ئەنجامداوە.
لە کۆتایدا ئەنجوومەنەکە داوا لە سەرجەم گەلی سووریا دەکات، "لەم قۆناخە مێژووییەدا یەکگرتوو و پاڵپشتی یەکتربن." دەشڵێت "سووریای نوێ موڵکی تەنیا کەس و لایەنێک نییە؛ بەڵکو نیشتمان بۆ هەمووانە."
دوای 13 ساڵ لە شەڕی نێوخۆ، ئەمڕۆ بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن لە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی دەوڵەتەوە، "رووخانی بەشار ئەسەد" و ئازادکردنی بەندکراوانیان لە زیندانەکانی دەسەڵاتی پێشووی وڵاتە راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ