رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییەی سووریا، هەزاران کورد ئاوارە و دەربەدەر بوون. بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریش دەڵێت، تا ئێستا 30 هەزار ئاوارە رووی لەو ناوچەیە کردووە.
ئەبو حەسەن، ئاوارەیە و دەڵێت، "ئێمە لە دۆزەخدا دەژین، بەهۆی تۆپبارانی تۆپخانە، تانکەکان و مووشەکەکان. بۆ ماوەی سێ رۆژ هیچ نانێکمان نەخواردووە، هیچ شتێکی لێ نییە و هەموو شتێک دەستی بەسەردا گیراوە."
ئەحمەد ئاوارەیەکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، "ئێمە سێ رۆژە لە رێگە رۆژمان کردووەتەوە تاوەکو بگەینە ئێرە، لەسەر شەقامەکان ماوینەتەوە، بێ ئەوەی هیچ شیرێکمان بۆ منداڵ هەبێت و هیچمان نەبوو. لەسەروو ئەوەشەوە، بەترسەوە رێگەمان دەبڕی."
لەدوای کۆنتڕۆلکردنی شاری حەلەب و شارۆچکەکانی تەلڕەفعەت و چەندین ناوچەی کوردنشینی دیکە لە باکووری شاری حەلەب و کشانەوەی هێزە کوردییەکان، زیاتر لە 100 هەزار کورد ئاوارەبوون و روویان لە پارێزگەی رەققە کرد.
کوردەکانی شاری عەفرین، دووەمجارە ئاوارە دەبن.
لەئاداری 2018 کاتێک ئەو شارە لەلایەن هێزەکانی نزیک لە تورکیا کۆنتڕۆڵکرا، روویان لە تەلڕەفعەت کرد و بەشێکی زۆریان تاوەکو ئێستا لە کەمپ دەژیان.
شێخ مووس ئەحمەد، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بۆ کاروباری ئاوارەکان دەڵێت، "تائێستا بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە رەققە و تەبقە، پێشوازی لە نزیکەی 30 هەزار خێزان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە رێگەی گەیشتن بۆ ئێرە گیریان خواردووە و هەندێکیشیان هەر لە شەهبا ماونەتەوە، بەڵام تاوەکو چەند رۆژێکی دیکە چاوەڕێ دەکرێت هەموو خێزانەکان بگەنە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا."
لەساڵی 2018ـەوە زیاتر لە 200 هەزار ئاوارەی شاری عەفرین لە ناوچەکانی شەهبا و تەلڕەفعەتی باکووری حەلەب لە کەمپی ئاوارەکاندا دەژین و بێجگە لە رەققە، ژمارەیەکیشیان جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە بۆ عەفرین.
ئاوارەبوونی ئەمجارەی کوردەکان دوای ئەوە دێت، لە چوارشەممەی رابردووەوە دۆخی سووریا ئاڵۆزتر بووە. هێزە چەکدارەکانی دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی هێرشیان بۆ سەر سوپای وڵاتەکە دەسپێکردووە و دەستیان بەسەر چەندین ناوچەدا گرتووە.
لە ئەنجامی ئەو ئاڵۆزیانەش تاوەکو ئێستا زیاتر لە 600 کەس کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ