شەوی هەینی، 2-2-2024، نزیک بە کاژێر 23:00 (بە کاتی هەولێر)، چەندین شوێن و بنکەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە پارێزگەی دێرەزووی سووریا بۆردوومان کران.
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا بڵاویانکردەوە، هەشت شوێن بۆردوومان کراون و میدیای فەرمی ئێرانیش دەڵێت، تائێستا زیاتر لە 10 کەس کوژراون.
لە دوو کاژێری رابردوودا، هیچ لایەنێک بە فەرمی ئەو هێرشانەی لە ئەستۆ نەگرت، بەڵام لە کاژێرەکانی دوای 00:00، کاتێک بوو بە رۆژی شەممە، میدیای ئەمریکی بڵاویانکردەوە، کە پشتڕاستیانکردووەتەوە ئەمریکا لە پشتی هێرشەکانەوەیە.
دوای چەند هەواڵێکی دژ بەیەک، دواجار میدیای ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی سەربازیی وڵاتەکەیەوە پشتڕاستیکردەوە، ئەو هێرشانەی کە درەنگیی شەوی هەینی چەند شوێنێکی لە رۆژهەڵاتی سووریا و رۆژئاوای عێراق کردنە ئامانج، لە لایەن ئەمریکاوە کراون.
سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا لە کاژێرەکانی کۆتایی ئێوارەی هەینی رایانگەیاند، ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی کە نازانرێت سەر بە کام وڵاتن، لانیکەم سێ جار ژمارەیەک پێگەیان لە پارێزگەی دێرەزووری سووریا بۆردوومانکردووە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، ژمارەیەک پێگە لە ناوچەکانی حەیدەرییە، شیبلی و نزیک بنکەی عەین عەلی لە شاری مەیادینی پارێزگەی دێرەزوور بۆردوومان کراون.
هێرشەکان لەکاتێکدان کە ناوچەکە لە چاوەڕوانیی هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئەمریکادایە لە بەرامبەر کوژرانی سێ سەربازی لە ئوردن کە ئەمڕۆ تەرمەکانیان گەڕێندرایەوە ئەمریکا، دوای ئەوەی لە 28ی مانگی رابردوو بە هێرشێکی درۆنی کوژران کە واشنتن دەیخاتە ئەستۆی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران.
هاوکات بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، ئەمڕۆ دوو فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازیی ئەمریکی گەیشتوونەتە بنکەی خراب جیر لە ناوچەی رومێلانی پارێزگەی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و چالاکیی فڕینی هێلیکۆپتەر و درۆنەکان بەسەر ئاسمانی ئەو بنەکەیەدا زیادیکردووە.
