بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 پەسندکرا

31-03-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن بودجە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمان بودجەی گشتیی عێراقی بۆ ساڵی 2021 پەسندکرد، ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە لە 10ی تشرینی یەکەمی 2021 بکرێت، ئەوا 7ی هەمان مانگ پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە.

د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە وەڵامی پرسیارێکی هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا لەبارەی ئەوەی کە ئێستا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقدا چەندە، گوتی، بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە لە وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە بەدەستیان گەیشتووە، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بۆ 13.9% زیادکراوە.

پێشتر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بە 12.67% دیاریکرابوو، بەڵام ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، زیادکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ 13.9% لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بووە کە 13.9%ی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنێت.

بە گوتەی د. جەمال کۆچەر، بەو شێوەیەش 9.5 ترلیۆن دینارەکە کە هەرێمی کوردستان لە بەشە بودجەی عێراق بەریدەکەوت، زیاد دەبێت بۆ نزیکەی 11 ترلیۆن دینار.

لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تەلەڤیزیۆنی رووداو، ئەو پەرلەمانتارە ئەوەی خستەڕوو، بەو داهاتەی هەرێمی کوردستان هەیەتی و بەو پارەیەش کە بەغدا بۆی دەنێرێت، دەبێت "لێبڕین و دواکەوتنی مووچە" نەمێنێت.

رۆژی چوارشەممە 31ی ئاداری 2021 پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و بەگشتی دەنگی لەسەر ماددەکانی پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق دا، یەکێک لەو ماددانەش کە لە ماوەی رابردوودا کێشەی لەسەربوو، ماددەی 11 بوو لە پرۆژەیاسای بودجە، کە تایبەتە بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەکەی پەرلەماندا بە کۆی دەنگ پەسندکرا، هەندێک لە ماددەکانیش هەموارکرانەوە.
 
ناوەڕۆکی مادەی 11 بەمشێوەیە:
 
 
یەكەم: شایستەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2004 تاوەكو 2020 یەكلایی دەكرێنەوە، دوای ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی تێدا دەكات بۆ دەرخستنی هەژمارەكانی كۆتایی داهاتە داراییە بەدەستهاتووەكان و خەرجییەكانی هەرێم كە لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی پەسند دەكرێت، دوای جیاكردنەوەی خەرجییە سیادییەكان، ئەوەی لە چوارچێوەی خەرجییەكانی حاكیمە بۆ هەرێم خەرجكراوە.
 
دووەم : ئەلف
 
حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە كێڵگە نەوتییەكان بە بڕی 460 هەزار بەرمیل رۆژانە، لەو بڕەش بڕی پێویست بۆ خەرجییەكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بڕی بەكاربردنی ناوخۆ لە هەرێم و پترۆدۆلار جیا دەكرێنەوە، بە جۆرێك كە داهاتی ئەو بڕەی رادەستی حكومەتی فیدراڵی دەكات لە 250 هەزار بەرمیل نەوت كەمتر نەبێت بە نرخی سۆمۆ.
 
ب : 
 
بڕگەی ئەلف بە هاوئاهەنگی لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.
 
ج :
 
حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە رادەستكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان بە گەنجینەی دەوڵەت، بەگوێرەی یاسای كارگێڕیی دارایی فیدراڵی، كە دیوانی چاودیریی درایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم وردبینی لە داتاكانی ئەو داهاتانە دەكرێت.
 
د : 
 
حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند كراوە بە دانەوەی قەرزەكانی بانكی بازرگانی عێراق، كە لەلای بانكە حكومی و تایبەتەكانی هەرێمە، وەزارەتی دارایی بەپێی خشتەیەكی دیاریكراو مانگانە بڕێك لە پشكی هەرێم دەبڕێت، ئەوەش لە ساڵی 2021 ەوە بۆ ماوەی 7 ساڵ بەردەوام دەبێت.
 
ه :
 
حكومەتی فیدراڵ پابەند دەبێت بە دانەوەی شایستەكانی هەرێمی كوردستان، دوای ئەوەی هەرێم بڕگەكانی (أ ، ب ، ج ، د) لە مادەی 11 جێبەجێ دەكات.
 
سێیەم: دوای وردبینیكردن لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەكرێت بە پێدانی ژمارەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی تاوەكو 30/6/2021.
 
چوارەم: حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران و قەرەبووكردنەوەیان لەو پشكەی لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی بۆی دیاریكراوە، پێش خەرجكردنی هەر خەرجییەكی دیكە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بازگەی شێراوە لە رێگەی هەولێر بە ئاراستەی کەرکووک.

میقداد میری: سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێ

میقداد میری، گوتەبێژى لیژنەى باڵاى ئەمنیى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان رایگەیاند، سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێت، بەڵام لەنێو شارەکاندا هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە.