سعودیە و کوێت: دەبێت عێراق پابەندی رێککەوتننامەکان بێت و ئێرانیش بانگەشەی موڵکایەتی کێڵگەی دوڕە نەکات

31-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سعودیە و کوێت داوا لە عێراق دەکەن پابەندی رێککەوتننامەی رێکخستنی هاتووچۆی دەریایی لە ناوچەی خۆر عەبدوڵڵای نێوان عێراق و کوێت بێت و رەتیدەکەنەوە عێراق تاک لایەنە بتوانێت رێککەوتننانەکە هەڵبوەشێنێتەوە.
 
سعودیە و کوێت راگەیێندراوێکی هاوبەشیان لە بارەی کۆبوونەوەی نێوان شێخ مەشعەل ئەلئەحمەد جابر ئەلسوباح، میری دەوڵەتی کوێت و شا سەلمان عەبدولعەزیز ئال سعود، شای سعودیە بڵاوکردەوە.
 
هەردوو وڵات سەرباری باسکردنی ژمارەیەک دۆسییەی ئابووری، بەرگری، وزە، بازرگانی، دارایی و سنووری و بابەتی سیاسیی و ئاسایش و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشێکی گفتوگۆکانیان لەبارەی عێراقەوە بوو.
 
هەروەها باسی هاتووچۆیان لە دەریای سوور و سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەی دەریای سوور و کەمکردنەوەی گرژییەکان کە لە دوای 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023 و شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە دروستبووە، کردەوە.
 
کوێت و سعودیە: عێراق ناتوانێت تاکلایەنە رێککەوتننامەکە هەڵبوەشێنێتەوە
 
لە راگەیێندراوی هاوبەشی ئەو دوو وڵاتەدا لەبارەی عێراقەوە هاتووە، "جەختیان لەسەر پابەندبوونی عێراق بە سەروەریی کوێت و یەکێتی خاکەکەی و رێزگرتن لەو بەڵێننامە و رێککەوتننامە دوو قۆڵییانە و سەرجەم بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان کردەوە، بەتایبەت بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش ژمارە 833 (1993) کە بەپێی ئەو بڕیارە سنووری زەوینی و ئاویی نێوان کوێت و کۆماری عێراق دەکێشرێت و گرنگیی تەواوکردنی دیاریکردنەوەی سنووری ئاویی نێوان هەردوو وڵاتیان بۆ دوای هێمای دەریایی ژمارە 162".
 
هەردوو وڵات داواشیانکردووە عێراق پابەند بێت بە رێککەوتنامەی رێکخستنی هاتووچۆی دەریایی لە خۆر عەبدوڵڵا کە لە 29ـی نیسانی 2012 لەنێوان عێراق و کوێت واژۆکراوە، و لە 5ـی کانوونی یەکەمی 2013 چووە واری جێبەجێکردنەوە دوای ئەوەی هەردوو وڵات پەسندیان کرد و بەشێوەیەکی هاوبەش لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2013 درایە دەستی نەتەوە یەکگرتووەکان.
 
باسی ئەوەشیان کردووە هەڵوەشاندنەوەی تاکلایەنەی عێراقی پڕۆتۆکۆلی ئاڵوگۆڕی ئەمنیی ساڵی 2008ـی و نەخشت پشتپێبەستراوەکەی لە پلانی هاوبەش رەتکردووەتەوە، ئەوەش لەپێناو سەلامەتیی هاتووچۆ لە خۆر عەبدوڵڵا کە لە 28ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2014 لەنێوان هەردوو وڵات واژۆکراوە و هەردووکیان میکانیزمی روون و دیاریکراویان بۆ هەموارکردنەوە و هەڵوەشاندنەوە دیاریکردووە.
 
ئەو راگەیێندراوە لە کاتێکدا دێت رۆژی 4ـی ئەیلوولی ساڵی 2023، دادگەی باڵای فیدراڵی پەسندکردنی رێککەوتننامەی رێکخستنی هاتووچۆی دەریایی نێوان عێراق و کوێت(2013) لە ناوچەی خۆر عەبدوڵڵا، رەتکردەوە.
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ساڵی 1993 بڕیاری ژمارە 833ـی دەرکرد، کە داوای دابەشکردنی ئاوی خۆر عەبدوڵڵا لەنێوان هەردوو وڵات دەکات و عێراق لە 25ـی کانوونی دووەمی 2013 و لەسەردەمی نووری مالیکی رێککەوتننامەکەی لەگەڵ کوێت واژۆکرد.
 
سەبارەت بە ئەرشیفی کوێت و رووفاتی بێسەروشوێنەکانی و بێسەروشوێنانی وڵاتانی دیکە داواکاریی دیکەشیان لە عێراق هەیە. 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەردوولا پشتیوانیان بۆ بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ژمارە 2107 (2013) دووپاتکردەوە کە داوا لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی تیمی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق"UNAMI" دەکات پشتیوانی و ئاسانکاریی هەوڵەکان بۆ گەڕان بۆ بەدوای بێسەروشوێنانی کوێت و هاووڵاتییانی سێ وڵاتەکەی دیکە و دیاریکردنی چارەنووسیان یان گەڕاندنەوەی رووفاتەکانیان لەچوارچێوەی لیژنەیەکی سێ قۆڵی و لیژنەی هونەریی لاوەکی و بە چاودێریی خاچی سووری نێودەوڵەتی بکات و موڵکەکانی کوێت بگەڕێنێتەوە کە لەنێویاندا ئەرشیفی نیشتمانی هەیە."
 
سعود ساعیدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق کە سەر بە کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقە، سەرۆکۆنەی راگەیێندراوەکەی کرد و رایگەیاند، "داوا لە هەردوو وڵات دەکەین رێز لە سەروەریی خاک و ئاوی عێراق بگرن و یاسای پەسەندکردنی رێککەوتنامەی خۆر عەبدوڵڵا بەپێی مادەی 94ـی دەستووری عێراق هەڵوەشاوەتەوە."
 
دەشڵێت، بەنیازن قۆناخی دووەمی "گێڕانەوەی سەروەریی عێراق" بۆ سنوورە ئاوییەکانی دەستپێبکەن.
 
"کێڵگەی دوڕە بەتەنیا موڵکی هەردووکمانە و ئێران ناتوانێت بانگەشەی موڵکایەتیی بکات"
 
کوێت و سعودیە لە راگەیێندراوە هاوبەشەکانیاندا لەبارەی کێڵگەی "دوڕە" کە کێڵگەیەکی گازیی دەوڵەمەندە، جەختیان کردووەتەوە دووپاتی راگەیێندراوەکانی پێشوویان دەکەنەوە،  هەردوو وڵات رژدن لەسەر ئەوەی "کێڵگەی "دوڕە" بە تەواوەتی دەکەوێتە سنوورە ئاوییەکانی دەوڵەتی کوێت و موڵکایەتی سامانە سرووشتییەکان لە ناوچەی دابەشکراو لەنێویدا کێڵگەی "دوڕە" بەتەواوی موڵکایەتیی هاوبەشی نێوان کوێت و سعودیەیە بەتەنیا و تەواوی مافی بەکارهێنانی سامانە سرووشتییەکانیان لەو ناوچەیەدا هەیە."
 
هەردوو وڵات داوا لە ئێرانیش دەکەن وتوێژ لەبارەی سنووری رۆژهەڵاتی ناوچەی نێوان کوێت و سعودیە وەکو لایەنێکی دانوستاندنکار بەپێی حوکمەکانی یاسای نێودەوڵەتی بکات. دەشڵێن، هیچ وڵاتێکی دیکە، کە مەبەستیان ئێرانە ناتوانێت بانگەشەی موڵکایەتیی ئەو کێڵگەیە بکات.
 
کێڵگەی "دوڕە" دەکەوێتە نێو ئاوەکانی کەنداو لە نێوان سێ وڵات. سعودیە و کوێت لەلایەک و ئێرانیش لە لایەکی دیکە بە سامانی خۆیانی دەزانن و هەر لایەنێکیان هەڕەشەی ئەوە دەکات، بێ رێککەوتن دەست دەکەن بە دەرهێنانی نەوت و گازی کێڵگەکە. 
 
کێڵگەکە 63 ساڵ لەمەوبەر دۆزراوەتەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکان هیچ وەبەرهێنانێکی تێدا نەکراوە. بە گوێرەی دامەزراوەی نەوتی کوێتی، لە توانایدا دەبێت رۆژانە یەک ملیار پێ سێجا گاز و 84 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبێنێت. 
 
کێڵگەی گازی دوڕە بە گوێرەی شارەزایان، نزیکەی 11 ترلیۆن پێ سێجا گازی یەدەگ و 300 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگی تێدایە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت