رووداو دیجیتاڵ
بە دابینکردنی زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆگرامێکی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە چالاکیی مین (UNMAS) لە عێراق، حکومەتی دانیمارک پاڵپشتی چالاکییەکانی ئەو پڕۆگرامە دەکات.
ئاژانسی چالاکیی مین لە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNMAS) لە عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 28ی کانوونی یەکەمی 2023 رایگەیاند، حکومەتی دانیمارک سێ ملیۆن و 168 هەزار و 659 دۆلاری ئەمریکی بۆ پاڵپشتی حکومەتی عێراق لە پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل لە مەترسی پاشماوەی مین و تەقەمەنییەکان دابینکردووە. هەروەها دەشڵێت، ئەو هاوکارییەی حکومەتی دانیمارک هاوکارییان دەبێت لە بەردەوامی چالاکییەکانیان بۆ هەڵگرتنەوەی مین لە تەواوی عێراقدا.
لەبارەی دابینکردنی ئەو هاوکارییانەی حکومەتی وڵاتەکەیەوە، کریستیان تۆرنینگ، باڵیۆزی دانیمارک لە عێراق گوتی، "دڵخۆشم کە جارێکی دیکە دانیمارک بەشداری کارە گرنگەکانی ئاژانسی چالاکی مینی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات؛ ئاژانسەکە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل لە مەترسی پاشماوەی تەقەمەنییەکان و دڵنیاییدان لە بەسەلامەت گەڕانەوەی ئاوارەکان." هەروەها دەشڵێت، ئاشتی و سەقامگیری عێراق ئامانجی لەپێشینەی دانیمارکە.
هەروەها، پێر لۆدهامەر، بەرپرسی ئاژانسی چالاکی مینی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، ئەم پاڵپشتییە نوێیەی حکومەتی دانیمارک رێگەیان پێدەدات بەردەوام بن لە پشتگیریکردنی حکومەتی عێراق و هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری مین و ژمارەی قوربانیان. هەروەها دەشڵێت، ئەو پاڵپشتییە ژینگەیەکی سەلامەت بۆ عێراقییەکان دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی بێ بەربەست و ترس لە مین و پاشماوەی تەقەمەنییەکان بژین.
بە گوێرەی ئاژانسی چالاکی مینی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2015ەوە حکومەتی دانیمارک 35 ملیۆن دۆلاری بۆ چالاکییەکانی ئاژانسەکە لە عێراقدا تەرخانکردووە.
مستەفا حەمید، بەڕێوەبەری بەشی هۆشیاری و راگەیاندن لە فەرمانگەی کاروباری مینی عێراق رۆژی شەممە 23-12-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تائێستا زیاتر لە 2100 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە عێراق ماون لە پاشماوەی مین پاک بکرێنەوە کە بەهۆیەوە زیاتر لە 30 هەزار کەس بوونەتە قوربانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ