رووداو - هەولێر
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بەشێکی بازرگانان ئۆکسجینی دەستکرد قۆرخ دەکەن و بەو هۆیەوە دوو کەسیان بە تۆمەتی قۆرخکردن و گرانفرۆشیی ئۆکسجین و قۆستنەوەی دۆخی عێراق دەستگیرکردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2020، سەعد مەعن، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، خاوەنی کارگەیەکی فرۆشتنی پێداویستیی پزیشکییان دەستگیرکردووە، بەهۆی ئوەی ئۆکسجینی قۆرخکردووە و لە کۆگاکەیدا دەست بەسەر 150 بوتڵدا گیراوە. هەروەها فرۆشیارێکیشیان دەستگیرکردووە کە بوتڵێک ئۆکسجینی بە 500 هەزار دینار فرۆشتووە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختی لەوەش کردووتەوە کە هەرکەسێک دۆخی ئێستای عێراق بۆ قۆرخکاری و گرانکردنی پێداویستیی پزیشكی بقۆزێتەوە، دەستگیر دەکرێت و دەدرێتە دادگا.
فارس بریفکانی، جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق، سیستمی ئۆکسجینی بەشێک لە نەخۆشخانەکان تێکچووە و رۆژ بە رۆژیش تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاد دەکات، لەبەر ئەوە خەڵک ناچاربوون پەنا بۆ کڕینی بوتڵی غازی دروستکراوی بازاڕەکان ببەن و بە کۆنترین سیستمی ئۆکسجین هەناسە بۆ تووشبووەکان دابینبکەن.
تاوەکو ئێستا لە عێراقدا 47 هەزار و 151 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 22 هەزار و 974 تووشبوو چاکبوونەتەوە و هەزار و 839 تووشبوویش گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ