رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، زۆرینەی بۆچوونەکان بەو ئاراستەیەن کە پۆستی پارێزگای کەرکووک لە نێوان هەر سێ نەتەوەکە ئاڵوگۆڕ بکرێت، "دەبێت هەر پێکهاتەیەک یەک بەربژێری هەبێت، بەڵام هیچ لایەنێک ناوی بەربژێری خۆی رانەگەیاندووە."
رۆژی یەکشەممە، 28-07-2024، تۆرهان موفتی، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری پارێزگاکان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی: "دانوستاندنەکان لە کەرکووک بە هێواشی بەڕێوەدەچن، چونکە لە ساڵی 2005ـەوە، دانوستاندنی راستەقینە و جیددی لەنێوان فراکسیۆنەکان وەکو ئەوەی ئێستا هەیە، نەبووە، بۆیە دانوستاندنەکانی ئێستا پێویستیان بە کاتە بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجام."
تۆرهان موفتی دەڵێت: "دوای کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجوومەنی پارێزگا، چووینەتە قۆناخی دووەمەوە کە دانوستاندنە لەبارەی حکومەتی خۆجێی کەرکووک، پێشتر ژمارەیەک دەستپێشخەری و پڕۆژە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی هەبوون، بەڵام ئێستا تەنیا دووانیان ماونەتەوە و هەردووکیان ئاڵوگۆڕی پۆستەکانە."
راوێژکارەکەی سوودانی ئاماژەی بە ناوەڕۆکی پرۆژەکان کرد: "یەکێک لە پڕۆژەکان ئاڵوگۆڕکردنی پۆستەکانە، بەتایبەت پۆستی پارێزگای کەرکووک لەنێوان سێ پێکهاتەکە، پڕۆژەی دووەمیشیان لە نێوان دوو پێکهاتەیە، سەرۆکوەزیران لە دوو کۆبوونەوەی رابردووی لەگەڵ عەرەب و تورکمان گوتوویەتی دەبێت لە حکومەتی خۆجێیدا هیچ لایەن و پێکهاتەیەک پەراوێز نەخرێت و حکومەتەکە نوێنەرایەتی هەمووان بکات، بۆیە ئێستا گفتوگۆ لەبارەی دیاریکردنی یەکێک لەو دوو پرۆژەیە هەیە."
بە گوتەی راوێژکاری سوودانی: "پڕۆژەی یەکەمیان ئەوەیە پۆستی پارێزگاری کەرکووک لەنێوان پێکهاتەکانی کورد، عەرەب و تورکمان ئاڵوگۆڕ بکرێت، بەبێ رەچاوکردنی ئەوەی کێ یەکەمجار پۆستەکە وەردەگرێت، هەرچی پڕۆژەی دووەمە ئەوەیە پۆستەکە لەنێوان دوو گەورەترین فراکسیۆن ئاڵوگۆڕ بکرێت."
تۆرهان موفتی پێیوایە کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە سەرجەم فراکسیۆن و لایەنەکان لەکاتی هەڵبژاردن، بانگەشەیان ئەوەیان دەکرد پۆستی پارێزگار بۆ پێکهاتەکەیان دەبێت، ئێستاش بۆ ئەوەی نەکەونە شەرمەزارییەوە ئەو پێشنیازەیان کردووە، "بۆیە ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی پارێزگار لە بنەڕەتدا بیرۆکەیەکی سیاسییە نەوەک خزمەتگوزاری."
لەبارەی ئەو کەسانەشی بەربژێر دەبن بۆ پۆستی پارێزگار، گوتی: "سەرەتا با رێککەوتن لەسەر یەکێک لەو دوو پڕۆژەیە بکرێت، دواتر ناوەکان گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بە ئاشکرا ناوی بەربژێری خۆی بۆ پۆستی پارێزگار رانەگەیاندووە، ئەگەر رێککەوتن لەسەر ئەوە بکرێت پۆستەکە بۆ هەر سێ پێکهاتەکە بێت، ئەوا باوەڕناکەم هیچ کێشەیەک لەبارەی ناوەکانەوە هەبێت، چونکە گەیشتن بەو چارەسەرییە گەیشتنە بە لووتکەی لێکتێگەیشتن."
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری پارێزگاکان دەڵێت: "ئەگەر رێککەوتن کرا هەمووان بەشداری بکەن، ئەوا دەبێت بەربژێری کورد، عەرەب، تورکمان هەبێت، نەوەک لایەنە سیاسییەکان، واتە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کورد یەک بەربژێریان دەبێت، بۆ عەرەب و تورکمانیش ئاوا دەبێت، واتە هەر پێکهاتەیەک یەک بەربژێری دەبێت."
بەڵام دەشڵێت: "ئەگەر فراکسیۆنەکان بێت، لەنێو کورد یەکێتی و پارتی هەیە، لە عەرەب سێ فراکسیۆن هەیە، تورکمانیش ئاوایە، بۆیە ئێستا زۆرینەی بۆچوونەکان و لایەنەکان بەرەو ئەگەری ئاڵوگۆڕی پۆستەکە بۆ هەر سێ پێکهاتەکە دەڕۆن."
بە گوتەی تۆرهان موفتی سەرۆکوەزیران لە یەک دوورییەوە لە هەموو نەتەوەکان وەستاوە، دەشڵێت لەگەڵ کوردیش هاوشێوەی عەرەب و تورکمان کۆدەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ