رووداو دیجیتاڵ
سنووری چیمەن لە رۆژهەڵاتی کەرکووک بووە گۆڕەپانی خۆپێشاندانەکەی مامۆستایان دوای ئەوەی بازگەکانی عێراق رێگربوون لە گەیشتنی کاروانی ئۆتۆمبێلەکانیان بە بەغدا. بەشێکی مامۆستایانیش، بە هەر جۆرێک بێت، خۆیان گەیاندە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا و داواکارییەکانیان بە زمانی کوردی و عەرەبی خوێندەوە.
تۆفیق عەلی، مامۆستای ناڕازیی خەڵکی سلێمانییە و دەڵێت، "لەپڕێکدا کەس نەیزانی ئەم بڕیارە کەی دەرچوو، رێگریان کرد، تا 12:00ی شەو کێشە نەبوو."
هونەر جەوهەر، مامۆستای وانەبێژە لە تەق تەق، باس لەوە دەکات، "کاژێر12:00ی شەو دەرچووین، هاتینە بازگەی شوان، من لە تەق تەقەوە هاتم، لەوێ رێگەیان پێنەداین، دوو کاژێر رێگامان دوور خستەوە و لێرەوە رۆیشتین تا خورماتوو."
نەشمیل سابیر، فەرمانبەرە و لە کۆیەیەوە دەیەوێت بچێتە بەغدا، دەڵێت، "سێ بازگەمان بڕی، بازگەی کۆتایی گوتیان هەواڵ دراوە، نابێت بڕۆن چونکە خۆپێشاندان دەکەن، ئێمەش داوای مافی خۆمان دەکەین، گوتمان ئێمە گێرەشێوێن نین."
مامۆستایانی ناڕازی کە پەیام و داواکارییەکانیان روو لەبەغدابوو، بەهیوای بیستنی وەڵامێکی مژدە بەخش، بەڵام بێ هیوابوون لەگەیشتن.
عوسمان عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ئاماژە بەوە دەکات، "نە لە سلێمانی و نە لە شار و شارۆچکەکانی دیکە بێدەنگ نابین و، درێژە بە نەچوونە هۆڵەکانی خوێندن دەدەین."
مامۆستایان ماوەیەکی زۆر مانەوە و هەردوو سایدی هاتن و چوونیان لە بازگەی چیمەنی سەر رێگای کەرکووک - سلێمانی داخست.
ئاستەنگی هاتووچۆ دروست بوو، بەشێک لە خەڵک کە چەند کاژێرێک گیریان خواردبوو، بەپیادە ئاودیوبوون.
بەشێک لەمامۆستایان شەوێک پێشتر یان بە بیانووی جیاواز، هەرچۆنێک بێت خۆیان گەیاندە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا، لەوێ دروشمەکانیان بەرزکردەوە و داواکارییەکانیان بەزمانی کوردی و عەرەبی راگەیاند.
رائد ئەدهەم، یەکێک لەو مامۆستا ناڕازییانەیە کە لە خانەقینەوە خۆی گەیاندووەتە بەغدا و دەڵێت،" پێمان دەڵێن، ئێوە مامۆستان هاتوونەتە ئێرە؟ گوتی واتا هەمووتان مامۆستان، گوتمان نەخێر، مامۆستانین، هاتووین دەچین بۆ زیارەتی ئیمام کازم."
دوای مانەوە بۆچەندین کاژێر، جگە لە چەند پەرلەمانتارێکی کورد، هیچ بەرپرسێکی حکومەتی عێراق بەدەمیانەوە نەهاتن.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەنێو خۆپێشاندەرانەوە گوتی، "دەبێ حکومەتی عێراقی مووچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان جیابکاتەوە، ئەمەش بەڵێن دراوە لە هەمواری یاسای بودجەی ساڵی 2024 ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین، بەداخەوە ئەوە حکومەتی هەرێم و ئەمەش حکومەتی عێراقە، ئەمانیش ئەو فریادڕەسەنین کە هەموو شتێکیان پێیا هەڵواسرێ."
داواکاریی مامۆستایان بۆ هەردوو حکومەتی هەولێر و بەغدا چارەسەری کێشەی مووچەخۆرانە، هاوکات داواکارییەکانی دیکەشیان روو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوە و دامەزراندنی وانەبێژانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ