حکومەتی عێراق: لەپاڵ ئێران دەوەستین و سەرکۆنەی هێرشەکەی قەوارەی زایۆنی دەکەین

دوێنێ کاژێر 12:07
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات و دەڵێت، لەپاڵ ئێران دەوەستن و لەگەڵی هاوسۆزن.
 
ئەمڕۆ شەممە 26-10-2024 باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بڵاوکردەوە و دەڵێت، "قەوارەی زایۆنی داگیرکار لە سیاسەتە دووژمنکارییەکانی، فراوانکردنی ململانێ لە ناوچەکە و پەیڕەوکردنی هێرشە زەقە بێ پاساوەکانی بەردەوامە، ئەمجارەش پەلاماری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دا. بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشی ئاسمانیی کردە سەر پێگەکانی ئێران."
 
باسم عەوادی دەڵێت، "عێراق پێشتر هۆشداریی دابوو کە کاری لەو جۆرە ئەنجامی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە، ئەوەش بەهۆی بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر رەفتارە دڕندەییەکانی زایۆنی بەرامبەر بە خەڵکەکەمان لە فەلەستین، هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان و سووریا و ئێستاش پەلاماری نوێی بۆسەر ئێران."
 
گوتەبێژی حکومەتی عێراق باس لەوە دەکات، "عێراق بە روونی و بە تووندترین دەستەواژە سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات. جارێکی دیکە هاوسۆزی و وەستانی لەپاڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دووپات دەکاتەوە."
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "لە وەڵامی چەند مانگێک لە هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران بۆسەر دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکەنە سەر هەندێ ئامانجی سەربازی لەنێو ئێران."
 
دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکە، بارەگای بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، "سەرەڕای هۆشداریی پێشووی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە رژێمی تاوانکار و نایاسایی زایۆنی بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر کردەوەیەکی شەڕفرۆشانە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشی کردە سەر بەشێک لە ناوەندە سەربازییەکانی پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام."
 
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانیی وڵاتەکە "سەرکەوتوو" بووە و زیانێکی کەم و سنووردار بە هەندێک شوێن کەوتووە کە قەبارەکەی لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە