شاخەوان عەبدوڵڵا: رێککەوتووین حکومەتی داهاتووی عێراق چارەسەری پرسی نەوت و گاز و ماددەی 140 بکات

26-09-2022
هیدایەت جان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نێوەڕۆکی رێککەوتنە شەش قۆڵییەکەی نێوان پارتی، یەکێتی، چوارچێوەی هاوئاهەنگی، سەروەریی سوننە، هاوپەیمانیی عەزم و فراکسیۆنی بابلیون بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "سەرجەم ئەو خاڵانەمان تێدا گونجاندووە کە پەیوەستن بە پرسی نەتەوایەتیی کوردەوە و چەندین ساڵە کێشەیە لەنێوان بەغدا و هەولێر؛ کاتیشمان بۆ جێبەجێکردنیان دیاریکردووە."
 
رۆژی دووشەممە 26-9-2022 شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق میوانی بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، "کۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمان ئەگەر بکرێت، کۆبوونەوەیەکی سیاسییە، لەبەرئەوەی بڕگەیەکی تێدایە بۆ هەڵبژاردنی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان؛ بۆیە هەندێک وردەکاری ماوە بۆئەوەی بڕیاریان لێبدرێت."
 
لەبارەی بەربژێری جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، "موحسین مەندەلاوی-یە کە پەرلەمانتاری سەربەخۆیە و لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە دەستنیشان کراوە، کە ئەویش کوردە."
 
بە گوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، "جگە لە بڕگەی هەڵبژاردنی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، دانیشتنی دیکەی پەرلەمانی عێراق ئاسایی دەبێت و کۆی ئەو 20 پرۆژەیەی پێشتر لەلایەن فراکسیۆنە سیاسییەکانی عێراق رێککەوتنیان لەسەر کرابوو، دەخرێنە بەرنامەی کار و لەم خولەی پەرلەماندا یەکلا دەکرێنەوە."
 
بەربژێری هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار
 
تاوەکو ئێستا پارتی و یەکێتی رێکنەکەوتوون بۆ بەربژێرکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و شاخەوان عەبدوڵڵاش دەڵێت، "لە چەند رۆژی داهاتوودا پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە و ئەو بابەتە یەکلا دەکەنەوە."
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، لەسەر بەربژێری سەرۆکوەزیرانی عێراق "رێککەوتن کراوە؛ راسپاردنی سەرۆکوەزیرانیش لەڕێگەی سەرۆککۆمارەوە دەبێت بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و تاوەکو ئێستاش پارتی و یەکێتی نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆئەوەی بەربژێرێکی هاوبەش دەستنیشان بکەن. دەبێت چاوەڕوان بین لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو پرسە یەکلا بکرێتەوە، بۆئەوەی دەستنیشانی رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و راسپاردنی سەرۆکوەزیران لەلایەن پەرلەمانەوە بکرێت."
 
شاخەوان عەبدوڵڵا ئەوەی خستەڕوو، نزیکبوونەوە لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە و کۆبوونەوەی تایبەت کراوە، "هیوامان وایە بە زوویی ئەنجامەکە رابگەیێندرێت. هەردوولا لە چەند رۆژی رابردوودا سەرقاڵی کۆبوونەوەکانی بەغدا بووین بۆ چەسپاندنی ئەو بابەتانەی بەلامانەوە گرنگ بوون لە بابەتی پێکهێنانی حکومەت و لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەکان لەبارەی دەستنیشانکردنی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەستپێدەکەنەوە."
 
بە گوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوایان لە سەرۆک بارزانی و کورد کردووە بابەتی سەرۆککۆمار یەکلا بکرێتەوە و یەک بەربژێری هاوبەش هەبێت کە نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان بکات. بۆیە نە ئێمە و نە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و نە هیچ لایەنێک نایەوێت ئەزموونی 2018 دووبارە ببێتەوە."
 
رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەت
 
پارتی و یەکێتی وەکو دوو لایەنی کورد لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانیی عەزمی سوننە و هاوپەیمانیی سەروەریی سوننە و فراکسیۆنی بابلیۆن رێککەوتنێکی سەرەتاییان واژۆ کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و بەپێی رێککەوتنەکە یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت.
 
لە رێککەوتنی نوێدا بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق، وەکو شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، "باسی یاسای نەوت و غاز کراوە و چۆنێتی جێبەجێکردنەکەشی بە وردی خراوەتەڕوو. بۆ ئەوەش دەستوور دادوەرە و یاساکە بە رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دەنووسرێتەوە و تاوەکو نووسینەوەی یاساکەش دۆخەکە وەکو جاران دەمێنێتەوە و بڕیاری دادگەی فیدراڵی تەنیا هاندەرێک دەبێت بۆ نووسینەوەی یاسای نەوت و غاز."
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمان گوتیشی، "هەردوو حکومەت لیژنە تەکنیکی و یاساییەکانیان دادەنێن بۆئەوەی یاسای نەوت و غاز بە رێککەوتنی هەردوولا بچێتە ئەنجوومەنی وەزیران و لەوێ ببێتە یاسا و دەنگی لەسەر بدرێت و رەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆئەوەی لە پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە."
 
ماددەی 140
 
یەکێک لەو بڕگانەی لە رێککەوتنەکەدا ئاماژەی پێدراوە، جێبەجێکردنی ماددەی 140ـە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان باسی لەوە کرد، "بە وردی ئاماژەمان بە هەنگاوەکانی ئەو ماددە یاساییە کردووە و بڕیاردراوە بودجەیەک بۆ قەرەبووی زیانمەندانی ماددەی 140 دابنرێت."
 
ئەگەر پێشتر ماددەی 140 وەکو خاڵێک باسکرابێت و کات بۆ جێبەجێکردنی دیاریکرابێت، ئەمجارەیان بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، "وردکراوەتەوە. ئەوەی لەو بابەتەدا خاڵی زۆر گرنگە، بابەتی قەرەبووکردنەوەیە و لە رێککەوتنەکەدا بڕیاردراوە بودجە تەرخان بکرێت بۆ قەرەبووکردنەوە و بۆ بابەتی زەوییە کشتوکاڵییەکان. پرۆژەیاساکەی پەرلەمان دەکرێتە یاسا و کاری پێدەکرێت."
 
لە درێژەی قسەکانیدا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، "سەرجەم بارەگای هێزە سیاسییەکانی کورد کە پێشتر هێزی دیکەیان چووەتە ناو، چۆڵدەکرێن و حیزبەکان کاری ئاسایی خۆیان بە ئازادانە لەو ناوچانە دەکەن و بۆ ئەمەش کات دیاریکراوە و تەنانەت رێککەوتن لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکانیش کراوە."
 
شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان
 
شاخەوان عەبدوڵڵا کە هاوکات ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستانیشە، لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەو رێککەوتنەدا میکانیزم بۆ چارەسەری ئەو گرفتە دانراوە و حکومەتی عێراق پابەندی رێککەوتنی ساڵی 2021 دەبێت.
 
لە رێککەوتنەکەدا بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بە گوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، ئاماژە بەوە دراوە "پابەندبن بە بودجەی ساڵی 2021 کە تێیدا رێککەوتنێک کرا و ئەو رێککەوتنە دەبێتە بناخەی پەیوەندیی دارایی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا تاوەکو ئەو کاتەی یاسای بودجە دێتە پەرلەمان."
 
هەر لەبارەی رێککەوتنەکەوە شاخەوان عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد، باس لە ئەنجوومەنی فیدراڵیی عێراقیش کراوە و هاتووە، "بەپێی ئەو رێککەوتنەی کراوە، پێویستە یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵ هەموار بکرێتەوە."
 
دۆخی شنگال
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال بە یەکێکی دیکە لەو خاڵانە ناودەبات کە لە رێککەوتنە شەش قۆڵییەکەدا ئاماژەی پێدراوە و دەڵێت، "دەبێت ئەو رێککەوتنە کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا واژۆ کراوە، جێبەجێ بکرێت و لە رێککەوتنەکەشدا هاتووە کە گەرەنتیی سەقامگیری و ئاسایش لە شنگال هەر ئەو رێککەوتنەیە کە لەنێوان هەولێر و بەغدا واژۆ کراوە و ئەوەش وادەکات ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان."
 
شاخەوان عەبدوڵڵا دەشڵێت، "لەکاتی نووسینی رێککەوتنەکەدا گلەیی ئەوەیان کرد کە بۆ لەسەر وردەکارییەکان قسە دەکەین، بە راشکاوی پێیان گوترا کە لە کاتی هاتنیشیان بۆ هەرێمی کوردستان سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت زۆر راشکاو بوون لەسەر ئەو بابەتانە کە لە ئەنجامی جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی رابردوو، ئێمە زیاتر لەسەر ئەو پرسانە رادەوەستین و داوای گەرەنتیی زیاتر بکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە