رووداو دیجیتاڵ
لە وەرزى یاسادانانى یەکەمى ئەم ساڵدا، پەرلەمانى عێراق هەر رۆژە و بڕیارێکى دەرکردووە. پەرلەمان 13 پڕۆژەیاسای پەسندکردووە کە هەر 10 رۆژێکیشدا یاسایەکى بەردەکەوێت.
لیژنەى پلاندانان زۆرترین میوانداریی بەرپرسانى کردووە، زۆرترین کۆبوونەوە لیژنەى دارایی کردوویەتى و لیژنەى رۆشنبیریش زۆرترین راگەیێندراوى هەبووە. هاوکات لیژنەى کۆچ و کۆچبەران هیچ کۆبوونەوەیەکى نەکردووە و دوو لیژنەى دیکەى تەنیا یەک کۆبوونەوەیان هەبووە.
پەرلەمانى عێراق ئامارى کۆبوونەوە و چالاکییەکانى لە وەرزی یەکەمی یاسادانانى ئەم ساڵدا بڵاوکردەوە و دەردەکەوێت 27 کۆبوونەوەی کردووە، 13 پڕۆژەیاساى پەسندکردووە؛ 139 بڕیار و راسپاردەى دەرکردووە.
یەکەم کۆبوونەوەى وەرزى یاسادانانى یەکەمى ئەم ساڵى پەرلەمان لە 13ـی کانوونى دووەمى 2024 دەستیپێکرد و بە مانگێک درێژکردنەوەوە لە 3ى حوزەیران کۆتاییهات کە 142 رۆژ دەکات.
زۆرترین کۆبوونەوە لیژنەى دارایی کردوویەتى کە 15 کۆبوونەوە بووە؛ دوای ئەویش لیژنەى یاسایی دێت بە 11 کۆبوونەوە.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "کۆبوونەوەی لیژنەکان لە کۆبوونەوەى پەرلەمان گرنگترە. کۆنووسی کۆبووەنەوەکانیان دەنووسرێتەوە و دەدرێتە سەرۆکایەتیى پەرلەمان."
لەو پێنج مانگەدا زۆرترین میوانداریى بەرپرسان لەلایەن لیژنەى پلاندانانى ستراتیژى و خزمەتى فیدراڵى کراوە کە 33 میواندارى بووە، دواتر لیژنەى تەندروستى دێت بە 32 میواندارى.
لیژنەى کۆچ و کۆچبەران هیچ کۆبوونەوەیەکى نەکردووە و تەنیا یەک میوانداریکردنى بەرپرسانى هەبوو؛ هەریەک لە لیژنەکانى دەستپاکى، نەوت و گاز یەکى یەک کۆبوونەوەیان کردووە.
زۆرترین سەردان لیژنەى کشتوکاڵ کردوویەتى کە 12 سەردان بووە، بەدوایدا لیژنەى هەرێم و پارێزگاکان دێت کە 11 سەردانى کردووە.
بە گوێرەى ئەو ئامارە، زۆرترین راگەیێندراو لەلایەن لیژنەى رۆشنبیری، گەشتوگوزار، شوێنەوار و راگەیاندن دەرکراوە کە 27 راگەیێندراو بووە.
دارا سێکانیانى گوتى، "لە کۆبوونەوەى لیژنەکان ناو و واژۆى ئامادەبووان دەنووسرێت. ئەگەر پەرلەمانتارێک ئامادە نەبێت و پاساوى یاسایی نەبێت بۆ بەشدارینەکردن، بە نەهاتوو هەژمار دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ