بەرەى دژ بە گۆڕانکارییەکانى نەینەوا: ئەنجوومەنى دەوڵەت رەزامەندى نەداوە

26-07-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکى لیژنەى یاسایی ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا رایگەیاند، روونکردنەوەکەى ئەنجوومەنى دەوڵەت لەسەر گۆڕانکاریی لە پۆستە ئیدارییەکانی پارێزگاکە، ماناى رەزامەندیى نییە لەسەر ئەو گۆڕانکارییانە، بەرەى نەیارى گۆڕانکارییەکان بە مەرج ئامادەن بۆ گفتوگۆ.
 
نووسراوێکى ئەنجوومەنی دەوڵەت دەوڵەت، کە لە 23ـی تەممووزی 2024 دەرچووە، پرسی گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانى 2ى تەمووزى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەواى بردە قۆناخێکى دیکە، هەردوو بەرەى پاڵپشتیکار و ناڕازیی دژ بەو گۆڕانکارییانە زیاتر لێک دوورخستەوە.
 
ئەنجوومەنى دەوڵەت رێکارەکانى گۆڕین و دانانى بەرپرسی یەکە کارگێڕییەکانى بە گوێرەى یاسا روون کردووەتەوە، هاوپەیمانیى نەوینەواى ئایندە کە لە پشت گۆڕین و دانانى بەرپرسى 17 یەکەى کارگێڕییەوە بوو، ئەو نووسراوە بەپاڵپشتیکارى بڕیارەکە دەزانێت، بەڵام فراکسیۆنى پارتى و هاوپەیمانى نەینەواى یەکگرتوو پێچەوانەکەى دەڵێن.
 
سەعدوون شەممەرى، سەرۆکى لێژنەى یاسایی ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا کە ئەندامى هاوپەیمانیى نەینەواى  یەکگرتووە لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا گوتى: "ئەوەى لە بەیاننامەى ئەنجوومەنى دەوڵەت دەوڵەت هاتووە، روونکردنەوە و شرۆڤەى میکانیزمى گشتى دیاریکردنى بەڕێوەبەرى یەکە کارگێڕییەکانە و دەسەڵاتەکانى پەیوەست بەو پرسەن، ئاماژە نییە بۆ رەزامەندیدان لەسەر بڕیارەکانى ئەنجوومەنى پارێزگا".
 
هەندێک لەو 17 پۆستابە بەتاڵ بوون، هەندێکى دیکەیان گۆڕدران، پۆستى تێدابوو کە چوار ساڵى تەواو نەکردبوو، بە دەنگى زۆرینەى ئەنجوومەن لادرا. 
 
سەعدوون شەممەرى گوتى: "ئەو بۆچوونەى ئەنجوومەنى دەوڵەت چوارچێوەى گشتى و تایبەتى بەربژێریکردن و وەرگرتنى سى ڤى بەربژێران و دەنگدان لەسەرى بە گوێرەى رێکارى دەستوورییە پیادەکراوەکان، رەتناکاتەوە".
 
نزیکەى مانگێکە ئەو پرسە لایەنەکانى نەینەواى کردووە بە دوو بەشەوە، جگە لە عەرەبەکان، یەکێتى لە بەرەى گۆڕانکارییەکان و پارتى لە بەرەى دژێتى.
 
بۆ چارەسەرى ئەو دوورکەوتنەوەیە لایەنەکان چاوەڕێى کۆبوونەوەیەک دەکەن کە لە 15ى تەممووز، عەبدولقادر دەخیل، پارێزگارى شارەکە داواى کرد لە نێوان نوێنەرانى لایەنە سیاسییەکانى شارەکە بکرێت بۆ چارەسەرى ئەو پرسە، بەڵام تاوەکو ئێستا وادەى کۆبوونەوەکە دیار نییە.
 
محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا لە فراکسیۆنى یەکێتى بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "پێمان باشە کۆببینەوە و پێمانگوتن هەر تێبینییەکتان هەیە بیخەنەڕوو".
 
هاوپەیمانیى نەینەواى ئایندە ئێستا زۆرینەى ئەنجوومەنى پارێزگایە بە 16 کورسی، نەینەواى یەکگرتوو و فراکسیۆنى پارتى پێکەوە 13 کورسییان هەیە، پارێزگار ئەندامى هاوپەیمانێتى دژ بە گۆڕانکارییە کارگێڕیبەکانە، سەرۆکى ئەنجوونى پارێزگاش لە هاوپەیمانیى بەرى گۆڕانکارییەکانە.   
 
موهەنەد جبوورى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا لە هاوپەیمانیى نەینەواى یەکگرتوو گوتى: "قایلین بە دیالۆگ، بەو مەرجەى ماف بگەڕێتەوە بۆ خاوەن مافەکان" ئەوە وەک ئاماژەیەک بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو گۆڕانکارییە کارگێڕییانەى کراون.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە