رووداو دیجیتاڵ
دوو تەقینەوە لە پارێزگای دیالە روویاندا و لە ئەنجامدا دوو چەکداری سەحوە کوژران و پێنج سەربازیش برینداربوون.
تەقینەوەکان کاژێر 11:00ـی شەوی رابردوو لە گوندی داود سالم لە ناحیەی خان بەنی سەعد لە سنووری پارێزگای دیالە روویاندا. بۆمبێكی چێندراو بە ئۆتۆمبێلی هێزەکانی سەحوەی هۆزەکاندا تەقییەوە. سەحوەی هۆزەکان، هێزی چەکداریی سەر عەرەبی سوننەیە.
رۆژی یەکشەممە، 26-05-2024، عەقید هەیسەم سەلمان، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە تەقینەوەکاندا دوو چەکداری هێزەکانی سەحوەی هۆزەکان کوژراون.
نیو کاژێر دواتر، هێزێکی سوپای عێراق چوونە شوێنی رووداوەکە و لەو کاتەشدا بۆمبێکی دیکە تەقیوەتەوە. عەقید هەیسەم سەلمان گوتی، لە تەقینەوەی دووەم پێنج سەربازی سوپای عێراق برینداربوون و برینی دووانیشیان سەختە.
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە گوتی، بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی گشتیی بەعقوبە کراون.
ماوەیەکە هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان زیادیکردووە. رۆژی 22-05-2024 لە قەزای خورماتووی پارێزگای سەلاحەدین، بۆمبێکی چێندراو بە کاروانێکی سەربازیی سوپای عێراقدا تەقییەوە و لە ئەنجامدا سەربازێک گیانی لەدەستدا و دوو سەربازی دیکەش بریندار بوون.
کاوە شێخانی، راوێژکاری ئەمنیی پارێزگاری سەلاحەدین ئەو کات بە رووداوی گوت، "کاروانە سەربازییەکە بۆ گەڕان لە سنووری گوندی حەفتیەی باشووری خورماتوو بەڕێکەوتبوون و بۆمبێکی چێندراویان پێدا تەقییەوە".
کاژێر 9ـی شەوی 15ـی ئایاری 2024 چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی فەوجی دووی لیوای 32ـی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق لە سنووری دوبز و لە ئەنجامدا دوو سەربازی عێراق بریندار بوون.
کاژێر 8:40ـی شەوی 13ـی ئایاری 2024یش ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی فەوجی دووی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سەڵاحەدین و بەهۆیەوە فەرماندەی فەوجەکە کوژرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ