رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەوا وەڵامێکی گونجاویان دەبێت. ئاماژەی بەوەش کرد، نابێت هیچ وڵاتێک بەهەشتێکی سەلامەت بۆ حەماس دابین بکات.
رۆژی سێشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2024، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیاری کوردە، بەڕێوەبەری تۆڕی میدیایی رووداوی لە واشنتن راگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق لەو وڵاتەن بۆ ئەوەی "چالاکیی دژ بە تیرۆریستان" بکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەگەر هێزەکانمان هێرشیان بکرێتە سەر، ئەوا بەشێوەیەکی گونجاو وەڵام دەدەینەوە؛ هەروەها ئەوانەی بەرپرسیارن رووبەڕووی بەرپرسیارییەتییان دەکەینەوە."
ئەو گوتانەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوای ئەوە هات، رۆژی دووشەممە، 24-6-2024، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق گوتی، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر حیزبوڵلا، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و لە عێراق دەکەونە مەترسییەوە.
بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی شیعە کە خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن، دوای ئەوەی شەڕی غەززە لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023 هەڵگیرسا، دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریکا هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا کرد، بەڵام دوای ئەوەی ئەمریکا چەند جارێک بە تووندی وەڵامی دانەوە، وازیان لە هێرشەکانیان هێنا.
میلەر لەبارەی ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن کە گوایە سەرکردەکانی حەماس لە قەتەرەوە دەچنە بەغدا گوتی: "ئێمە بە روونی ئەوەمان راگەیاندووە کە لەدوای کارە تۆقێنەرەکانی حەوتی ئۆکتۆبەرەوە، هیچ وڵاتێک نابێت وەکو جاران کار لەگەڵ حەماس بکات، هیواداریشین هیچ وڵاتێک بەهەشتێکی سەلامەت بۆ حەماس دابین نەکات".
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
رووداو: سوپاس ماتیو، چەند هەواڵێک هەن باس لەوە دەکەن حەماس بیر لەوە دەکاتەوە لە قەتەرەوە بەرەو عێراق بڕوات، هەروەها گوایە حکومەتی عێراقیش مانگی رابردوو ئەوەی قبووڵ کردووە کە سەرکردەکانی حەماس لەخۆبگرێت. ئایا تۆ هیچ قسەیەکت لەوبارەیەوە هەیە یان تۆ ئەو هەواڵانەت بینیوە؟
ماتیو میڵەر: راپۆرتێکی بینیوە و لە کۆنفرانسەکەی دوێنێدا ئاماژەم پێی کرد. ئێمە بە روونی ئەوەمان راگەیاندووە کە لەدوای کارە تۆقێنەرەکانی حەوتی ئۆکتۆبەرەوە، هیچ وڵاتێک نابێت وەک جاران کار لەگەڵ حەماس بکات، هیواداریشین کە هیچ وڵاتێک بەهەشتێکی سەلامەت بۆ حەماس دابین نەکات.
رووداو: هیچ ئاماژەیەکتان لە حکومەتی عێراقەوە لەسەر ئەو پرسە بەدەستگەیشتووە؟
ماتیو میڵەر: قسە لەسەر گفتوگۆ دیبلۆماسییە تایبەتەکان ناکەم.
رووداو: زۆر باشە، پرسیارێکی دیکە، موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەردەوام هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمریکا دەکات و ئەوەی لە دوایین راگەیێندراویشیاندا ئاماژەیان پێ داوە ئەوەیە، ئەو چوار مانگەی وەک گەرەنتی بە حکومەتی عێراقیان دابوو تاوەکو کار لەگەڵ ئێوە بکات بۆ دانانی کاتێک بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تەواو بووە، ئێستا هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانیان دەکەن ئەگەر کاتێک بۆ کشاندنەوەی هێزەکانیان دیاری نەکرێت. ئەو هێرشانە شتێکن ئێوە هیوای پێناخوازن. ئێوە چۆن رێگری لەوە دەکەن؟ چۆن رێگری لە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان دەکەن؟
ماتیو میڵەر: بۆ رێزگرتن لە شێوازی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق من ئەوە بۆ پێنتاگۆن جێدەهێڵم بۆ ئەوەی قسەی لەسەر بکەن، بەڵام ئێمە لەمێژە بەروونی ئەوەمان راگەیاندووە کە هێزەکانمان لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق لەوێن بۆ ئەوەی چالاکی دژی تیرۆریستان بکەن کە ئەوەش سوود بە خەڵکی عێراق دەگەیێنێت. هەروەها ئەگەر هێزەکانمان هێرشیان بکرێتە سەر، ئەوا ئێمە بەشێوەیەکی گونجاو وەڵام دەدەینەوە؛ هەروەها ئەوانەی بەرپرسیارن رووبەڕووی بەرپرسیارییەتییان دەکەینەوە.
رووداو: ئێوە ئەو هەڕەشانەی کە باس لە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان دەکەن بە جیدی وەردەگرن؟
ماتیو میڵەر: پێم وایە کە من هەمان ئەو شتە دەڵێم کە کەمێک لەمەوبەر باسم کرد لەبارەی هەڵوێستی ئێمە دژی هەر لایەنێک ئەگەر هێرش بکرێتە سەر هێزەکانمان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ