رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق یەکەم دانیشتنى دادبینى تایبەت بە سکاڵایەک دەکات کە لە دژى یەکێک لە مەرجەکانى فرەژنى لە هەرێمى کوردستان تۆمار کراوە.
دانیشتنەکەى دادگەى فیدراڵى، ئەمڕۆ (سێشەممە، 25ـی ئادارى 2025) دەکرێت، کە دادبینى سکاڵاکە دەبێت.
سکاڵاکە لەلایەن هاونیشتمانیێکى هەرێمى کوردستان تۆمار کراوە، تێیدا وەک "زەرەرمەندێک لە هەموارى یاساى بارى کەسى"، داواى کردووە بڕگەیەکى ئەو هەموارە هەڵبووەشێتەوە، کە رەزامەندیی هاوژینی یەکەمە لە بەردەم دادگە، بۆ هێنانى هاوژینی دووەم.
ئاسۆ هاشم، یەکێک لە پارێزەرانى ئەو سکاڵایە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "دادگەى باڵاى فیدراڵى یەکەم دانیشتنى دادبینى لەبارەى ئەو سکاڵایەوە دەکات و، ئەگەر هەیە دادگە دوابڕیار بدات."
ئەو هەموارەى یاسای بارى کەسى لە ساڵی 2008 لە پەرلەمانى کوردستان پەسند کراوە، ئەوەش بۆ تووندکردنى مەرجەکانى فرەژنى.
سکاڵاکە لە دژى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە کە هەموارەکەى کردووە، تاوەکو هەموارى ئەو بڕگەیە بە نادەستوورى بناسێنێت.
شەرمین بەهجەت، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: وەڵامى تایبەت بەو سکاڵایەمان ئامادەکردووە و لە دانیشتنەکەدا ئامادە دەبین."
پێشتر لە 11ـی شوباتى 2025، لەسەر داواى پەرلەمانى کوردستان، دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق یەکەم دانیشتنى تایبەت بەو سکاڵایەى دواخست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ