رووداو دیجیتاڵ
باوکی کەڕاڕ لەو کاتەوەی کوڕە نۆبەرەکەی دەستگیرکراوە، جلی رەش دەپۆشێت. ماوەی 16ساڵە کوڕەکەی بە تاوانی تیرۆر دەستگیرکراوە و بە زیندانیکردن بۆ ماوەی 30 ساڵ سزادراوە لە کاتێکدا ئەوکات قوتابیی پۆلی شەشی سەرەتایی بووە، باوکی کەڕاڕ دەڵێت، "بەڵگەی زۆرمان هەیە کە کوڕەکەم بێتاوانە."
کەڕاڕ کاتێک دەستگیرکراوە تەمەنی نزیکەی 13 ساڵان بووە و پۆلی شەشی سەرەتایی بووە. بە تۆمەتی تیرۆر و رفاندن سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە و بە 30 ساڵ زیندانیکردن سزادراوە. باوکی دەڵێت: "کەسی بەرامبەر لە مافی کەسیی خۆی خۆش بووە، سکاڵای لێکچوونی ناویشمان هەیە، کەچی 30 ساڵ حوکمدراوە."
کەسوکاری دەستگیرکراوان بۆ ئازادکردنی رۆڵەکانیان چەندین جار لە گۆڕەپانی تەحریر خۆپێشاندانیان ئەنجامداوە بۆ دەرچوواندنی پڕۆژەیاسای لێخۆشبوونی گشتی، بەڵام بێ ئەنجام بووە.
دۆسیەکەی باوکی کەڕاڕ و هەزارانی هاوشێوەی، سوننەکانی هانداوە پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی تێپەڕێنن، پرسێک کە یەکێک لە مەرجەکانی بەشداریکردنیان بووە لە کابینەی ئێستا، بەڵام وەک مەرجەکانی کورد پشتگوێ خراوە.
پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی هێشتا لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانە، سوننەکان ئەوپەڕی پێداگری دەکەن بۆ تێپەڕاندنی، چونکە بەشێک لە سەرکردە سوننییەکان بە مادەی چواری یاسای تیرۆر لە گرتووخانەکانن.
محاسن حەمدوون، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی تەقەدووم بە رووداوی راگەیاند، "بە دڵنیاییەوە پاشەکشە لە داواکەمان ناکەین سەبارەت بە لێبووردنی گشتی، بۆ ستەملێکراوان خەڵکێکی زۆری ستەملێکراو هەن لە گرتووخانەکان، زۆربەیان سوننەن بە تایبەتی لە پارێزگا ئازادکراوەکان لە کاتی لێکۆڵینەوەکان لەژێر گوشار و لێدان دانیان بە ئەنجامدانی ئەو تاوانانەدا ناوە کە رووبەڕوویان کراوەتەوە."
شیعەکان لارییان لە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی نییە، بەو مەرجەی گیراوانی تیرۆر نەگرێتەوە، ئەمەش سڕینەوەی ئامانجە گەورەکەی سوننەکانە.
عارف حمامی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و ئەندامی لیژنەی یاسایی دەڵێت، "ئێمە لە دەوڵەتی یاسا پێویستمان بە تێپەڕاندنی ئەو یاسایە هەیە و هەوڵیشی بۆ دەدەین، بەڵام بە بەهێزکردنی بڕگە یاساییەکان بۆ ئەوەی تیرۆریستان و تاوانباران نەگرێتەوە."
هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمیی نییە گیراوانی سوننە مەزهەب بە یاسای تیرۆر چەندە، بەڵام بەپێی ئاماری وەزارەتی دادی عێراق ژمارەی گیراوان لە گرتووخانەکانی عێراق زیاتر لە 60 هەزار بەندکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ