رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 8:00ی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە دەرگای 30 هەزار قوتابخانە، بە رووی زیاتر لە 12 ملیۆن قوتابیی عێراقیدا دەکرێتەوە.
کەریم سەید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروردەی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ ساڵی نوێی خوێندن 2024-2025 دەستپێدەکات، بە بەشداری زیاتر لە 12 ملیۆن قوتابی، کە دابەش دەبن بە سەر 30 هەزار قوتابخانەی حکومی، ئەهلی (سەرەتایی، ناوەندیی و ئامادەیی) و پەیمانگاکانی هونەرە جوانەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە.
نەجوا حەمید، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەم ساڵ لە سەرتاسەری عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار قوتابی پۆلی یەکی سەرەتایی دەست بە خوێندن دەکەن.
هاوکات، کەریم سەید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروردەی عێراق رایگەیاند، ژمارەی دانیشتوانی عێراق لە زیادبووندایە و ساڵی رابردوو ملیۆنێک و 100 هەزار قوتابی پۆلی یەکی سەرەتایی چوونە خوێندن. بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەم ساڵ 100 هەزار قوتابی قۆناخی یەکەمی سەرەتایی زیادی کردووە.
رۆژی 15ی ئەیلوول، مامۆستایان بۆ ساڵی نوێی خوێندن (2024-2025) لە قوتابخانەکانی عێراق دەستبەکاربوونەوە، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەوەی رۆژی 21ی ئەیلوول یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێبدرێت.
لە هەرێمی کوردستان رۆژی 25ی ئەم مانگە خوێندنی ساڵی 2024-2025 دەستپێدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ