حکومەتی عێراق: بەمزووانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرین

22-06-2021
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

د. حەسەن نازم، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ناردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دراوە کە وەک سولفەیەک بنێردرێت و بەمزووانە دەنێردرێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 22-6-2021 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە د. حەسەن نازم، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو.
 
گوتەبێژی حکومەتی عێراق سەبارەت بە ناردنی 200 ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەمە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە. سولفەیەکە بۆ پێدانی مووچە لە کوردستان، دواتر لەنێو پشکی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکرێت، ئەمە رێککەوتنی لەسەرکراوە. بەڵام کەی خەرج دەکرێت ئەمە بابەتێکی تەکنیکییە، بەدڵنییایەوە بەمنزیکانە دەبێت، کاری تەکنیکی ماوە بۆ دابینکردن و ناردنی ئەو پارەیە بۆ کوردستان". 
 
د. حەسەن نازم گوتیشی: "گرنگە ئاماژە بەوە بدەین کاتێک ئەنجوومەنی وەزیران ئەو بڕیارەی داوە، بە لایەنی مرۆیی ئەو بڕيارەی داوە. زۆربەی فەرمانبەرانی عێراقی لە کوردستان چەند مانگێکە مووچەیان وەرنەگرتووە، بۆیە ئێمە بەرپرسین لە دابینکردنی ئەو پارەیە بۆیان".  
 
15ی حوزەیران وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، ئەویش دوای وردبینیکردن لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.
 
هەمان رۆژ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "خۆشحاڵم رایبگەیێنم كە گەیشتووینەتە رێککەوتنێك  به‌شه‌ بودجه‌ی هەرێمی کوردستان بگه‌ڕێندرێته‌وه".
 
هەروەها خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا رایگەیاند، "خۆشحاڵ بووین دوای رێککەوتن لەسەر یاسای بودجە. ئەمڕۆ ئەنجوومەنى وەزیران بڕیاریدا مانگانە بڕى 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت لە01-01-2021 هەژمار بکرێت".
 
رۆژی چوارشەممە 31ی ئاداری 2021 پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و بەگشتی دەنگی لەسەر ماددەکانی پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق دا، یەکێک لەو ماددانەش کە لە ماوەی رابردوودا کێشەی لەسەربوو، ماددەی 11 بوو لە پرۆژەیاسای بودجە، کە تایبەتە بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەکەی پەرلەماندا بە کۆی دەنگ پەسندکرا، هەندێک لە ماددەکانیش هەموارکرانەوە.
 
بەپێی ماددەی 11ـی یاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2021، دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە کێڵگەکانی خۆی بەرهەمبهێنێت، دوای گلدانەوەی تێچووی دەرهێنان، گواستنەوە و بڕی پێویست بۆ بەکارهێنانی نێوخۆ، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیلی ئەو نەوتە بە نرخی کۆمپانیای سۆمۆ رادەستی حکومەتی عێراق بکات، هاوکات دەبێت هەرێمی کوردستان 50%ـی داهاتی نانەوتیی خۆی رادەستی بەغدا بکات، ئەوکات حکومەتی عێراق بەشە بودجەی بۆ دەنێرێت، کە پێشبینی دەکرێت تێکڕا بگاتە زیاتر لە 10 تریلیۆن دینار.
 
لە هەرێمی کوردستاندا 1 ملیۆن و 251 هەزار و 451 مووچە خۆر هەن، کە 751 هەزار و 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین؛ 242 هەزار و 269 کەسیان خانەنشینن. حکومەت بۆ پێدانی مووچە بێ لێبڕین مانگانە 895 ملیار دیناری پێویستە، کە ساڵانە 10 تریلیۆن و 740 ملیار دینار دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یوسف گەنناوی، پارێزگاری نەجەف

پارێزگاری نەجەف: دیداری هەولێر-نەجەف لە دۆخێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت

یوسف گەنناوی، پارێزگاری نەجەف رایدەگەیێنێت، دیداری نەجەف-هەولێر "دیدارێکی زۆر گرنگە و لە دۆخێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت" کە عێراق و ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕن.