لە رۆژی فرەچەشنیی زیندەییدا لە بەسرە نەمامگەیەکی مانگرۆڤ بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا کرایەوە

22-05-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 
 
بەبۆنەی رۆژی جیهانیی فرەچەشنیی زیندەیی، ئەمڕۆ دووشەممە 22ی ئایار، لە پارێزگای بەسرەی باشووری عێراق نەمامگەیەکی درەختی مانگرۆڤ بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا کرایەوە.
 
جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە رێوڕەسمی کردنەوەی نەمامگەکەدا بەشداربوو و ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەکە لە لایەن پرۆگرامی خۆراکی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی ئەڵمانیاوە پشتیوانی دارایی کراوە. 
 
بەگوتەی پلاسخارت، نەمامگەکە ساڵانە یەک ملیۆن نەمامی مانگرۆڤ بەرهەمدێنێت، واتە تاوەکو ساڵی 2028، پێنج ملیۆن داری مانگرۆڤ دەچێنن. 
 
مانگرۆڤ لە بنەڕەتدا درەختێکە لە ناوچە کەمەرەییەکانی جیهان دەڕوێن. درەختەکە جگە لەوەی کوالیتی خاک باش دەکات، نیشتوو و کانزا قورسەکانیش لە ئاوی ژێر زەوی جیادەکاتەوە، کە ئەمەش سوودی بۆ خاکەکە پڕ لە خوێیەکەی بەسڕە دەبێت، هەروەها سێبەرەکەی وا دەکات شێ لە نێو خاکدا بمێنێتەوە، ئەمە لە پاڵ ئەوەی کە دەبێتە بەربەستێک لەبەردەم با و رێگە لە داخوورانی خاک دەگرێت. 
 
پلاسخارت گوتی: "ئەم درەختانە لە مژینی کاربۆندا یارمەتیدەر دەبن، هانی فرەچەشنی زیندەیی دەریایی دەدەن و بە بەهێزکردنی گەشتیاریی ژینگەیی و ئاسایشی خۆراک، دەرفەتی نوێ دەڕەخسێنن."
 
کردنەوەی نەمامگەکە لە کاتێکدایە کە عێراق بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە رووبەڕووی ژمارەیەک ئاستەنگ دەبێتەوە و بە پێنجەم وڵات دادەنرێت کە زۆرترین کاریگەریی دیاردە نەرێنییەکەی لەسەرە. 
 
لەم ساڵانەی دواییدا، وڵاتەکە بە وشکەساڵیی سەخت و خۆڵبارینی چڕدا دەربازبووە. 
 
پلاسخارت گوتی: "تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو 68 هەزار کەس لە نێوەڕاست و باشووری عێراق بەهۆی وشکەساڵی ماڵ و حاڵیان جێهشێتبوو،" ئاماژەی بەوەشکرد کە: "لە پاڵ ئەو کاریگەرییەی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ هەیە، کە وایکردووە نەمانی ئاسایشی خۆراک بۆ زۆر کەس ببێتە راستی، خۆڵبارین و رووداوەکانی دیکەی تووندی کەشوهەوا لەگەڵ بەبیابانبوون، ئێستا بوونەتە بەشێک لە ژیانی ئاسایی."
 
نەمامگەی مانگرۆڤ یەکێکە لە هەوڵەکانی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لە چوارچێوەی ستراتیژیی نیشتیمانیی گۆڕانی کەشوهەوای عێراق کە لە ساڵی 2021 دەستیپێکردووە کە ژمارەیەک رێوشوێن بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرەمکەرەکان لەخۆدەگرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بازگەی شێراوە لە رێگەی هەولێر بە ئاراستەی کەرکووک.

میقداد میری: سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێ

میقداد میری، گوتەبێژى لیژنەى باڵاى ئەمنیى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان رایگەیاند، سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێت، بەڵام لەنێو شارەکاندا هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە.