رووداو - هەولێر
گۆڤاری "ئیکۆنۆمیست"ی بەریتانی لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی 12ی ئایاری عێراق وێنەیەکی ئاڵۆزتر لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی ئەو وڵاتە نیشاندەدات.
گۆڤارەکە پێیوایە رکابەرایەتیی سەرەکی لەم هەڵبژاردنەدا لەنێوان لیستەکەی حەیدەر عەبادی و لیستەکەی نووری مالیکیدا دەبێت، بەڵام هیچیان ناتوانن زیاتر لە یەک لەسەر سێی کورسییەکان بەدەستبهێنن، ئەمەش واتای ئەوەیە پێکهێنانی حکومەت پشت بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتەکانی دیکە دەبەستێت.
بەپێی راپۆرتەکەی ئیکۆنۆمیست، کۆتاییهێنان بە شەڕی دژی داعش و هەنگاوەکانی حکومەتی ناوەندی لەبەرامبەر گشتپرسیی باشووری کوردستان پێگەی عەبادییان بەهێزکردووە. ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن، عەبادی دەنگی زیاتر لە ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دەعوە دەبات. دواتر، دەکرێت هەندێک دەنگدەری سوننە و شیعەی عیلمانی و کەمایەتی دەنگ بە لیستی "نەسر" بدەن و عەبادی ئاسانتر بتوانێت لەگەڵ لیستەکانی دیکەش بۆ پێکهێنانی حکومەت رێکبکەوێت. بەڵام مالیکیش دەتوانێت پشت بە لیستی فەتح و چەند رێککەوتنێکی دیکە ببەستێت بۆئەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران لە عەبادی وەربگرێتەوە.
ئیکۆنۆمیست تیشکی خستووەتە سەر کەشی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە باشووری کوردستان و بەمشێوەیە باسی بارودۆخی پارتە کوردستانییەکانی کردووە.
- یەکێتی و گۆڕان دوای مردنی دامەزرێنەرەکانیان کێشەیان بۆ دروستبووە.
- بەرهەم ساڵح لە یەکێتی جیابووەتەوە و پارتێکی نوێی دامەزراندووە.
- ئەستەمە لیستە کوردییەکان کوتلەیەکی یەکگرتوو لە پەرلەمان پێکبهێنن.
- دەکرێت عەبادی و مالیکی هەوڵی پەرتەوازەکردنی کورد بدەن.
گۆڤارە بەریتانییەکە ئاماژەی بە بارودۆخی سوننەکانیش کردووە و نووسیویەتی، هەندێک لە سوننەکان دەیانویست هەڵبژاردن دوابخرێت، چونکە خەڵکێکی زۆری سوننە هێشتا ئاوارەن، لەوەش زیاتر سەرکردایەتی سوننە دابەشبووە؛ هەندێکیان چوونەتە نێو لیستەکەی ئەیاد عەللاوی، هەندێکی دیکەیان لە هاوپەیمانێتی موتەحیدوون جیابوونەوە و لیستی خۆیان دروستکرد، ئەم دابەشبوونە واتای ئەوەیە ئەستەمە سوننەکان ببنە هێزی یەکلاکەرەوە، بەڵام دەکرێت هەندێکیشیان پەیوەندی بە حکومەتی نوێوە بکەن.
ئەوەی کە پەیوەندی بە پێکهێنانی حکومەتەوە هەیە، ئیکۆنۆمیست پێیوایە ئەو پرۆسەیە چەند مانگێکی دەوێت و دەکرێت ئەوەش دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دوابخات.



