رووداو دیجیتاڵ
کوردێک دەبێتە بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی عێراق. جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ دەرچووە، بەڵام هێشتا دەستبەکارنەبووە. ئەمە دووەم پۆستی باڵایە یەکێتی لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا لە بەغدا وەریدەگرێت.
کەریم شوکر، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 22-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیوا رووکن ئیدریس خدر خۆشناو وەک بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی عێراق دەستنیشانکراوە.
بەگوتەی کەریم شوکر، فەرمانی دەستبەکاربوونی لیوا رووکن ئیدریس خۆشناو ئەم هەفتەیە دەرچووە، بەڵام هێشتا دەستبەکارنەبووە.
لیوا رووکن ئیدریس خۆشناو پێشتر فەرماندەی فیرقەی 10ی سوپای عێراق بووە کە لە پارێزگای ئەنبار جێگیرە.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی راشیگەیاند، ئەو پۆستە پشکی یەکێتی بووە و پێشتر فەریق گوهدار ئامێدی بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی عێراق بووە، بەڵام دواتر چووەتە سەرۆکایەتیی کۆمار و بووەتە راوێژکار؛ ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی ساڵێک بوو پۆستەکە بە کاتی لەلایەن هاووڵاتییەکی عەرەبەوە بەڕێوەدەبرا.
ئەمە دووەم پۆستی باڵایە یەکێتی لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا لە بەغدا وەریبگرێت.
دوای نزیکەی دوو ساڵ و نیو لە پۆستەکەی، عومەر بەرزنجی ئەرکەکانی وەک بریکاری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری هەمەلایەن و یاسایی کۆتایی هات و رۆژی 28-11-2024 پۆستەکەی رادەستی شۆڕش خالد سەعید کرد کە ئەویش لە پشکی یەکێتییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ