تەنیا کەرکووک ناگرێتەوە؛ لە عێراق بڕیاری تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ درا

21-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق لە نووسراوێکدا داوا لە هەموو پارێزگاکان دەکات، رێکارە یاساییەکانی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان دەستپێبکەن، جگە لە پارێزگای کەرکووک. سەرۆکی شارەوانیی کەرکووکیش دەڵێت، بە بینینی نووسراوەکە شۆک بوون.
 
ئەحمەد عومەر، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک، ئەمڕۆ هەینی، 21-02-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ نووسراوەکەمان بینیوە، بەڵام بە فەرمی ئاراستەی شارەوانی کەرکووک نەکراوە".
 
سەرۆکی شارەوانی کەرکووک گوتی، پێشتر بڕیار بووە لیژنەیەک بۆ تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان لە هەموو عێراق پێکبهێندرێت و بۆ ئەو لیژنەیە ئەوانیش ئەندامیان ناردووە؛ "بەڵام ئێمە لە ناکاو زانیمان ئەو بڕیارە دراوە و شۆک بووین، چونکە بڕیاربوو لیژنەکە کاری لەسەر بکات".
 
لە کەرکووک 11 گەڕەک بە زۆرینە خانووی زێدەڕۆ دادەنرێن، هەشت گەڕەکیان دانیشتووانەکەی کوردن و ئەوانی دیکەش تورکمان و عەرەب.
 
ئەحمەد عومەر دەڵێت: "بڕیاری تاپۆکردنەکە زیاتر بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکانە، لەوەیان دا جێبەجێش بکرێت کورد هەمووی سوودمەند نابێت، چونکە چەند گەڕەکێکی کوردنشین هەن زەوی وەزارەتی بەرگرین و ئەوانیش ئامادە نین یەک مەتر بۆ نیشتەجێبوون تاپۆ بکەن".
 
ئەو گەڕەکە کوردنشینانەی سوودمەند دەبن لە بڕیاری تاپۆکردنی خانووەکانیان لە ئەگەری جێبەجێکردندا ئەمانەن: پەنجا عەلی، بارووتخانە، دەروازە، شۆراو، فەیلەق، نەورۆز، سێکانیان و گورگەچاڵ؛ هەروەها گەڕەکی بەدر و حەمزەلی بۆ تورکمانەکان و سەیادەش بۆ هاووڵاتیانی عەرەب.
 
سەرۆکی شارەوانی کەرکووک گوتی: "گەڕەکە تورکماننشین و عەرەبنشینەکان، ئەگەر خانووەکان تاپۆ بکرێن 90%یان سوودمەند دەبن، چونکە زەوییەکانیان کشتوکاڵین. بەڵام کورد نزیکەی 60%ـی زەویی کشتوکاڵین و سوودمەند دەبن".
 
ساڵی 2023، لە کەرکووک بۆ ماوەی سێ مانگ مامەڵەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ لەلایەن شارەوانییەوە لە خەڵک وەرگیرا و زیاتر لە 90 هەزار خانوو تۆمارکران، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچیان تاپۆ نەکراون.
 
دوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی 2003، هاونیشتمانییەکی زۆر گەڕانەوە زێدی خۆیان و لە گەڕەکی نوێ و گەڕەکە کۆنەکانی کەرکووک خانوویان دروستکرد، دوای ماوەیەک ئەو خانووانە بە زێدەڕۆ ناسێندران.
 
نووسراوەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق، جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارەی 20ـی ساڵی 2025ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نموونەیەک لەسەر شێوەی کارتی زانیاری.

کارتی زانیاری نامێنێت و تێکەڵ بە کارتی نیشتمانی دەکرێت

بە فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کارتی زانیاری نامێنێت و تێکەڵ بە کارتی نیشتمانی دەکرێت، لەگەڵ زیادکردنی چەند خزمەتگوزارییەکی دیکەدا.