رووداو - هەولێر
سەرۆکوەزیرانی عێراق ناوی دوو بەربژێری نوێی پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کرد بۆ ئەوەی لە دانیشتنی داهاتوودا دەنگیان لەسەر بدرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 21-1-2019 عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ناوی بەربژێرانی هەردوو وەزیرانی داد و پەروەردەی رادەستی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کرد بۆ ئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێت، کە پێکهاتوون لە "حاکم ئەرکان قادر وەلی کەریم" بۆ وەزیری داد و "سەفانە حوسێن عەلی حەمدانی" بۆ وەزیری پەروەردە.
بەپێی سیڤییەکان کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەکراون، حاکم ئەرکان بیبانی بەربژێری وەزیری داد کوردە و خەڵکی شاری کەرکووکە.
حاکم ئەرکان بیبانی ساڵی 1975 لە کەرکووک لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی لە یاسا لە زانکۆی بەغدا بۆ ساڵی خوێندنی 1999بۆ 2000 بەدەستهێناوە، ئێستاش دادوەرە لە دادگای کەرکووک.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) پشتڕاستیکردەوە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق ناوی ئەو دوو بەربژێرەرەی رادەستی پەرلەمان کردووە.
ڤیان سەبری دەڵێت، حاکم ئەرکان خەڵکی شاری کەرکووکە و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بەربژێر کراوە.
پۆستی وەزیری داد کە پشکی کوردە یەکێکە لەو وەزارەتانەی کە لە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی کێشەی لەسەرە و هەریەک لە پارتی و یەکێتی بە پشکی خۆیانی دەزانن.

