گالەری

20-07-2023
21 Photos

رووداو دیجیتاڵ

پێش ئەوەی پلانی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوێد جێبەجێ بکرێت، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 20-7-2023) خۆپێشاندەران لە بەغدا ئاگریان لە باڵیۆزخانەی سوێد بەردا.

بەرپرسانی سوێد، رەزامەندییان داوە لەسەر ئەوەی ئەمڕۆ لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوێد گردبوونەوەیەک بکرێت، تێیدا قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق بسووتێنرێن. ئەمە عێراقییەکانی توڕەکرد و لە خۆپێشاندانێکدا کە لەلایەن لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رێکخرابوو، دەوری باڵیۆزخانەی سوێدیان درا و ئاگریان تێبەردا.

بۆ بڵاوەپێکردنی خۆێشاندەران، پۆلیس ئاوی پێیاندا کرد و هێزە ئەمنییەکان داری کارەباییان بەکارهێنا.

حەسەن ئەحمەد، یەکێک لە خۆپێشاندەرەکان دەڵێ "ئەمڕۆ جوڵەمان کردووە بۆ شەرمەزارکردنی قورئانی پیرۆز کە هەمووی لەبارەی خۆشەویستی و باوەڕەوەیە. داوا دەکەین حکومەتی سوێد و حکومەتی عێراق ئەمجۆرە کارانە بووەستێنن".

بەشێکی خۆپێشاندەران لەنێو باڵیۆزخانەی سوێدەوە قورئانی پیرۆزیان بەرزکردەوە، هەندێکیشیان وێنەی محەممەد سەدر، باوکی موقتەدا سەدریان بەرزکردبووەوە.

خۆپێشاندەرێکی گەنج باس لەوە دەکات، نەیانتوانیوە تاوەکو خۆر هەڵدێت، چاوەڕوان بکەن، بۆیە "خۆمان گەیاندە باڵیۆزخانەی سوێد و ئاگرمان تێبەردا".

وەزارەتی دەرەوەی سوێد دەڵێ، کارمەندەکانی سەلامەتن، "حکومەتی عێراق بەرپرسە لە پاراستنی دیپلۆماتەکانمان و ستافەکەیان"، دەشڵێ "هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانە و دیپلۆماتەکان، سەرپێچیێکیی جیدیی رێککەوتنی ڤیێنایە".

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەکەن بۆ دەستنیشانکردنی تۆمەتباران.

میدیای سوێد دەڵێ سەلوان مۆمیکا، ئەو پەنابەرە عێراقییەی سوێد کە پێش ماوەیەک کۆپییەکی قورئانی سووتاندبوو، دووبارە بەنیازە ئەمڕۆ قورئان و ئاڵای عێراق بسووتێنێت.

سەلوان لە جەژنی قورباندا لە 28-6-2023 چەند لاپەڕەیەکی قورئانی پیرۆزی لەبەردەم گەورەترین مزگەوتی سوێد سووتاند و بووە هۆی شەپۆلێکی ناڕەزایی فراوان لەنێو وڵاتانی ئیسلامیدا.