رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ كۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر کۆبووەوە و باسیان لە بارودۆخی سیاسیی عێراق و ئەگەرەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە قۆناخی داهاتوو کرد.
رۆژی دووشەممە 20ـی حوزەیرانی 2022، لە سەلاحەدین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئۆلیڤیێ دیكۆتینی كۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر كرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و فەرەنسا و پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی مانگی رابردووی نێوان ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆک بارزانی تاوتوێ كرا.
رۆژی هەینی 27-5-2022، سەرۆک بارزانی و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد.
بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە دیدارەکەی سەرۆک بارزانی و کۆنسوڵی فەرەنسا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و سیناریۆ و ئەگەرەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە قۆناخی داهاتوو ئاڵوگۆڕ كرا.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە دوایین پێشهاتە سیاسیی و ئەمنییەكانی سووریا و ئایندەی گەلی كورد لە وڵاتی سووریا تەوەرێكی دیکەی ئەو دیدارە بوو.


.jpeg&w=3840&q=75)

