رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەکی کاروباری هەڵبژاردن دەڵێت، 60٪ـی هاووڵاتییانی عێراق کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووەتەوە، ئاماژە بەوەش دەکات، چاوەڕێ دەکرێت تەنیا 25٪ـی خەڵک بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکەن.
هاوڕێ تۆفیق، شارەزای کاروباری هەڵبژاردن لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە رێبوار عەلی و دڵدار هەرکی پێشکێشیان کرد، رایگەیاند، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت و یاسای کۆمیسیۆنیش هەموار دەکرێتەوە، چونکە ئەو هەڵبژاردنە خواستی سەرکردە عێراقییەکان و ئەو لایەنانەیە کە زۆرینەی پەرلەمانی عێراقیان بەدەستەوەیە.
ئەو شارەزایەی هەڵبژاردن دەڵێت، تەنیا 60٪ـی هاووڵاتییانی عێراق کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووەتەوە، واتە 40٪ـی خەڵک مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکەدا نییە؛ گوتیشی، "دوای بایکۆتی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە هەڵبژاردنەکەدا هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن، خەڵکانێکی زۆر کەم بەشداریی دەکەن و لەسەر ئەو بنچینەیە پێشبینی دەکرێت، 25٪ـی خەڵک بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن."
رۆژی 1-11-2023، بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق دەستیپێکرد. هەڵبژاردنەکە لە 18ـی کانوونى یەکەمى 2023 لە سنوورى 15 پارێزگاى عێراق دەکرێت کە ئەرکى چاودێریى حکومەتى خۆجێیی و هەڵبژاردنى پارێزگار دەبێت.
یەکەمجارە لە ساڵى 2013ـەوە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق دەکرێت، کە بەهۆى شەڕى داعش، خۆپێشاندانى تشرینییەکان، سڕکردنى کارى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، ئەو هەڵبژاردنە نەکراوە.
یەکەمجارە لە 18 ساڵیشدا هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کەرکووک بکرێت. ناکۆکى لەبارەى تۆمارى دەنگدەران و دابەشکردنى پۆستە کارگێڕییەکان لە حکومەتى خۆجێیی وایکرد، لە ساڵى 2005ـەوە هیچ هەڵبژاردنێک بۆ ئەنجوومەنى پارێزگا لەو پارێزگایە نەکرێت.
لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق تایبەت بە دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، هاوڕێ تۆفیق دەڵێت، "بڕیارەکانی ئەو دادگەیە لە رووکەشدا یاسایین، بەڵام لە جەوهەردا مەکینەیەکی سیاسی بۆ دروستکردنی بڕیار لەو دادگەیەدا هەیە."
هاوڕێ تۆفیق دەشڵێت، دوورخستنەوەی حەلبووسی کێشەکانی عێراق دەگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سەرەتا، گوتیشی، ئەگەر جێگرەوەکەی لە پێکهاتەی راستەقینەی سوننەکانی عێراق نەبێت یان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی نزیک بێت، چاوەڕێ دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا دەرگە بەڕووی ناڕەزایەتییەکی کۆمەڵایەتی بکرێتەوە و کاریگەری لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی هەبێت.
سێشەممەی رابردوو، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکی لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی پەرلەمان، کۆتایی بە ئەندامیێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان هێنا؛ هەنگاوێک کە بۆ حەلبووسی چاوەڕواننەکراو و سەیر بوو.
ئەو شارەزایەی هەڵبژاردن ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکانی عێراق خواستی بەشێکی زۆری هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراقی لەسەرە و سەرکردەکانیشیان جەخت لە بەڕێوەچوونی دەکەنەوە؛ هەروەها هەموارکردنەوەی یاساکەش چاوەڕێکراوە و جێبەجێ دەکرێت، چونکە سەرکردەکانی عێراق لەگەڵ ئەوەدا نین رووبەڕووی هەڵبژاردنی پێشوەختە ببنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ