گوتەبێژى حکومەتى عێراق بۆ رووداو: ناردنى سووتەمەنى بۆ لوبنان رانەگیراوە

19-08-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژى حکومەتى عێراق رەتیکردەوە ناردنى سووتەمەنى بۆ لوبنان راگیرابێت و ئاماژەى بەوەشدا کە درەنگ ناردنی سووتەمەنی بۆ ئەو وڵاتە بەهۆى کێشەى تەکنیکى و لۆجستییەوەیە.
 
باسم عەوادى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "حکومەتی عێراق ناردنى سووتەمەنى بۆ لوبنان رانەگرتووە و ئەو درەنگ ناردنەی سووتەمەنیش کە روویداوە بە هۆکارى تەکنیکى و لۆجیستى پەیوەندار بە بارکردن و گواستنەوەیە".
 
بە گوێرەى رێککەوتنێکى نێوان عێراق و لوبنان کە ساڵى 2023 واژۆ کرا، رێککەوتنى هەناردەکردنى ساڵانەى 2 ملیۆن تۆن نەوتى خاو و سووتەمەنی بۆ لوبنان نوێ کرایەوە، ئەوەش بەمەبەستى کارپێکردنى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا لەو وڵاتە.
 
باسم عەوادى ئاماژەى بەوەدا کە عێراق پابەندە بەو رێککەوتنەى لەگەڵ لوبنان واژۆى کردووە و لە چەند رۆژى داهاتوویشدا بڕێکی سووتەمەنى بۆ لوبنان دەنێرێت.
 
قەیرانى دارایی لوبنان وایکردووە، حکومەتی ئەو وڵاتە نەتوانێت بە تەواوى پابەند بێت بە پارەدانەوە بۆ دەستەبەرکردنى کارەبا کە بە گوێرەى بانکى نێودەوڵەتى نیوەى قەرزەکانى سەر ئەو ڵاتە بەهۆى کەرتى کارەبایە، کە نزیکەى 40 ملیار دۆلارە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە