دادگەى فیدراڵى کۆنووسى بڕیارێکى لەبارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە

دوێنێ کاژێر 08:30
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەى باڵاى فیدراڵى کۆنووسى کۆتایی بڕیارێکى ئەو دادگایەى بڵاوکردەوە، کە لە بارەى سکاڵایەکى لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە 18ـی شوباتى 2025 دەری کردبوو.
 
ئەو سکاڵایەى سەرۆککۆمارى عێراق لە دژى سەرۆکوەزیرانى عێراق، سەرۆکى پەرلەمان و وەزیرى دارایی فیدراڵ تۆمارکرابوو، تێیدا داواى کردبوو دادگەى باڵاى فیدراڵى فەرمانسالارییەکى بەپەلە دەربکات بۆ ناچارکردنى وەزارەتى دارایی فیدراڵ بە خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە هەموو توێژەکانەوە بۆ مانگەکانى رابردوو و داهاتوو.
 
کۆنووسەکە ئەمڕۆ چوارشەممە، 19-03-2025 بڵاوکراوەتەوە و بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی تێدا روونکراوەتەوە.
 
لە بڕگەى یەکەمى بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى ئاماژە بەوەدراوە، بڕیاردراوە بە جێبەجێکردنى پرۆسەى بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بەگوێرەى ئەو رێکارانە کە لە بانکى ناوەندیى دەرکراوە لە رێگەى بانکە مۆڵەتپێدراوەکانەوە، ئەویش بەگوێرەى رێکارە پیادەکراوەکان لەلایەن حکومەتى فیدراڵی، هەروەها دەبێت ئەو بەجێکردنى مووچەیە بە هاوئاهەنگى نێوان وەزارەتى دارایی فیدراڵ و وەزارەتى دارایی و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان بێت و ئازادى بدرێتە فەرمانبەر لە دیاریکردنى ئەو بانکەى پێى باشە بۆ بەجێکردنى مووچە.
 
بڕگەى دووەمى بڕیارەکە رەتکردنەوەى سەرجەم داواکارییەکانى دیکە بووە کە لە سکاڵاکەدا هاتووە بە پاساوى ئەوەى کە لە تایبەتمەندى دادگەى فیدراڵى نەبوون. 
 
دادگەى فیدراڵى ئاماژەى بەوەداوە، پێشتر بە گوێرەى بڕیارى 124 و 169ـی ساڵى 2013، ئەوەى دووپاتکردووەتەوە کە هێنانەکایەى دادوەرى پێویستى بەوەیە یەکسانى لە نێوان ئەندامانى کۆمەڵگە بکرێت لەڕووى ئەرک و مافیانەوە و بەدینەهاتنى ئەوەش دەبێتە هۆى هەستکردن بە کۆژان لەلایەن گەلەوە و زیان بە یەکێتیی نیشتمانیی وڵات دەگەیێنێت.
 
ئەو دادگەیە دووپاتیکردووەتەوە کە بەگوێرەى مادەى 94ـی دەستوور، بڕیارەکانى دادگەى فیدراڵى یەکلاکەرەوەن و هەر ناکۆکییەک لەنێوان حکومەتى فیدراڵى و حکومەتى هەرێمى کوردستان هەبێت لەبارەى جێبەجێکردنى مادەکانى یاسای بودجەى گشتى 2023، نابێت ببێتە هۆکارى سەرەکى بۆ ئەوەى کە فەرمانبەران مووچەکانیان وەرنەگرن.
 
بەگوێرەى کۆنووسى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى عێراق، لەبارەى داواکارى یەکەمى سکاڵاکەى سەرۆککۆمار بۆ  فەرماسالارى ناچارکردنى وەزارەتى دارای فیدراڵى بەخەرجکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، وا بڕیاردراوە ئەو داواکارییە پێویستى بە فەرمانسالارى بەپەلە نییە.  
 
لە کۆنووسەکەدا وەڵامى  رێگەپێدراوى یاسایی سەرۆکوەزیرانى عێراقى تێدایە لە بارەى ئەو سکاڵایەوە کە گوایە دادگەى فیدراڵى تایبەتمەند نییە لەوەى تاوتوێى ئەو بەشەى سکاڵاکە بکات کە تایبەتە بە ناچارکردنى وەزارەتى دارایی بۆ خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و بەجێکردنى مووچە، هەروەها سکاڵاکار بەرژەوندى لە پێشکێشکردنى ئەو سکاڵایەدا نییە بە تایبەت کە سەرۆککۆمار بەشێکە لە دەسەڵاتى جێبەجێکردن. 
 
نوێنەرى یاسایی سەرۆکوەزیرانى عێراق لە وەڵامنامەى ئەو سکاڵایەدا ئاماژەى بەوەداوە، لە کاتی وردبینى لە لیستى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، سەرپێچى هەبووە، لەوانە: دووبارە بوونەوەى ناو، دووبارەبوونەوەى ژمارەى تۆمارى بایۆمەتریى مووچە، زیادکردنى بێ پاساوى پارە، نەبوونى ژمارەى بایۆمەترى زۆر لە فەرمانبەران، تەرخانکردنى پارە وەک مووچەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ بەڕێوەبەرایەتیى پەروەردەى کەرکووک، لەکاتێکدا ئەو بەڕێوەبەرایەتییە سەر بە حکومەتى فیدراڵە، هەروەها پابەندنەبووە بەو ناونیشانە وەزیفیانەى، کە لەلایەن حکومەتى فیدراڵییەوە پشتى پێدەبەسترێت.       
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە