حەوت هەزار عێراقی لە کەمپی هۆل گەڕێندراونەتەوە

18-04-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ژمارەی ئەوانەی لە کەمپی هۆلی رۆژئاوای کوردستانن بۆ خوار 43 هەزار کەس کەمدەبێتەوە. لەو ژمارەیە کەمتر لە نیوەیان عێراقین، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق پابەندبوونی بە گەڕانەوەیان رادەگەیێنێت.
 
بەپێی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی 42 هەزار و 790 کەس لە کەمپی هۆل ماونەتەوە، لەو ژمارەیە 19 هەزار و 526یان عێراقین، 16 هەزار و 778یان سووری و شەش هەزار و 486 کەسیان هەڵگری وڵاتینامەی دیکەن.
 
دوو ساڵ لەمەوبەر 60 هەزار کەس لە کەمپەکەدا بوون، کە نیوەیان عێراقی بوون.
 
بە کەمپی کەسوکاری چەکدارانی داعش دەناسرێت، دەکەوێتە باشوورى رۆژهەڵاتى شارى حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان و لەژێر کۆنترۆڵى هێزەکانى سووریاى دیموکرات – هەسەدەیە.
 
 زیاتر لە 10 جار هەوڵی پشێوی نانەوە لە کەمپەکە روویداوە، لە پشکنینەکانی رابردوویاندا، هێزەکانی پاراستنی کەمپەکە چەک و بڵاوکراوە و چەقۆ و ئامێری بریندارکەری دیکەشیان دۆزیوەتەوە.
 
لە رێگەی زیاتر لە 10 کاروانەوە نزیکەی حەوت هەزار عێراقی لە کەمپەکە گەڕێندراونەتەوە. عەلی عەباس جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "لە هێنانەوەی عێراقییەکان لە کەمپەکە بەردەوام دەبین."
 
کەسوکاری چەکدارانی داعش دوای گەڕاندنەوەیان لە کەمپەکانی جەدعە لە مووسڵ دەهێڵدرێنەوە، رادەهێندرێنەوە و دواتر تێکەڵ بە کەسوکار و کۆمەڵگە خۆجێیەکانی خۆیان دەکرێنەوە.
 
 مانگی کانوونی ئەمساڵ دانیشتووانی کەمپی هۆل 43 هەزار و 446 کەس بوون، تەنیا لەساڵی 2023دا نزیکەی هەزار خێزانی عێراقی گەڕێندرانەوە بۆ وڵاتی خۆیان، لەو ساڵەدا 9 هەزار و 70 کەس کەمپەکەیان بەجێهێشت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

ژن و پیاوێکى بیانى لە عێراق بە لەسێدارەدان و بەندکردنى تاهەتایی سزا دەدرێن

ژنێکى بیانى لەلایەن دادگەیەکى عێراقەوە بە تۆمەتى بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر بە لەسێدارەدان سزا درا و پیاوێکى بیانیش بەهەمان تۆمەت سزاى بەندکردنى تاهەتایی درا.