راوێژکارێکی سەرۆککۆماری عێراق: تورکیا ئامادە نییە بۆ بەردانەوەی ئاوی دیجلە رێککەوتن بکات

17-10-2023
محەممەد عامر
محەممەد ئەمین فارس، راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق. وێنە: رووداو
محەممەد ئەمین فارس، راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، نوێنەری تایبەتی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ پرسی ئاو سەردانی بەغدای کردووە، بەڵام ئەوان ئامادە نین لەبارەی بەردانەوەی ئاو بۆ رووباری دیجلە رێککەوتن بکەن. دەشڵێت، "لەنێوان هەولێر و بەغدا پێشنیازێک کراوە، چوار بەنداوی نوێ لە هەرێمی کوردستان دروستبکرێت."
 
محەممەد ئەمین فارس، راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە دڵدار هەرکی و فوئاد رەحیم پێشکێشیان کرد، باسی سەردانی شاندی عێراق بە سەرۆکایەتیی سەرۆککۆمار بۆ ئیتاڵیا و بەشدارییان لە کۆڕبەندی ساڵانەی خۆراکی جیهانی کرد، کە پرسەکانی ئاسایشی ئاو و خۆراکی عێراقی تێیدا تاوتوێ كرا.
 
ئەو راوێژکارەی سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، "لە کۆڕبەندەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە پڕۆژە ئاوییەکانی وڵاتانی دەوروبەر نابێت کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر ئاسایشی ئاوی عێراق هەبێت، بۆئەوەی عێراق لە گۆڕانی کەشوهەوا، وشکەساڵی، بەبیابانبوون و کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی بپارێزرێت."
 
بە گوتەی محەممەد ئەمین فارس، لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان داوایکردووە وڵاتانی سێیەم و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان رۆڵیان هەبێت بۆئەوەی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی ئاسایشی ئاوی وڵاتان پێشێل نەکرێن و شوناسی وڵاتی دوو رووبار (عێراق) بپارێزرێت، کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی بەشێکی دانیشووانەکەی لەسەر کشتوکاڵکردن لە زەوییەکانی دەوروبەری ئەو رووبارانەیە.
 
لەبارەی کۆبوونەوەکانی نێوان عێراق و تورکیا بۆ پرسی ئاو، ئەو راوێژکارەی سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، "نوێنەری تایبەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ پرسی ئاو، سەردانی بەغدای کردووە، دوو پرۆتۆکۆل لەمبارەیەوە لەنێوانیان نووسراوە، بەڵام ئەوان (لایەنی تورکی) ئامادە نین لەبارەی بەردانەوەی ئاو بۆ نێو رووباری دیجلە رێککەوتن بکەن." دەشڵێت، مانگی داهاتوو، لیژنەی هونەریی بەغدا و ئەنقەرە لەبارەی ئاسایشی ئاوی نێوانیان کۆدەبنەوە.
 
ئەو راوێژکارەی سەرۆککۆماری عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، گرنگترین کۆبوونەوەیان لە ئیتاڵیا لەگەڵ شو دۆنیۆ، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی (فاو) بووە، کە بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆککۆمار، عێراق گرنگییەکی زۆر بە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری دەدات، بەو پێیەی بە پایەیەکی بنەڕەتی و خاڵی دەستپێک دادەنرێت بەرەو گەیشتن بە ئامانجەکانی بەرنامەی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ لە پێشخستنی گەشەپێدانی بەردەوام لە وڵاتدا، ھەروەھا پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری پێویست وەکو تەندروستی، فێرکردن و باشترکردنی شێوازی کشتوکاڵی و ئاودێری.
 
محەممەد ئەمین فارس دەڵێت، "لەگەڵ وڵاتان گفتوگۆ کراوە، تاوەکو بۆ دروستکردنی بەنداو لەعێراق هاوکاربن، لەنێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆ لەسەر پرسی ئاو کراوە و پێشنیازێک هەیە بۆ ئەوەی چوار بەنداوی نوێ لە هەرێمی کوردستان دروست بکرێن."
 
لە کۆڕبەندی ساڵانەی ئاسایشی خۆراکی جیهانی سەرۆککۆماری عێراق، گوتارێکی پێشکێش کرد و تیشکی خستەسەر پرسی ئاو لە عێراق و راگەیاند:، "چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو، پێویستییەکی گرنگە بۆ داهاتوو و بەرژەوەندییەکانمان، ئەو قەیرانە هەڕەشەیەکی بەردەوامە لەسەر ئابووریی وڵاتەکەمان کە دەبێتە هۆی زیادبوونی کۆچبەران و دۆخەکە خراپتر دەکات. ئێمە پێویستمان بە پرۆسەیەکی جیهانییە بۆئەوەی سەرکەوتوو بین لە زیادکردنی ئاو و ئاسایشی ئاو بەدەستبهێنین. سەرەڕای ئەو بەرەوپێشچوونەی ئەمڕۆ بەدەستمان هێناوە، هێشتا ئێمە ئامانجەکانمان بەدەست نەهێناوە، ئەوەش کاریگەری لەسەر بەرەوپێشچوونەکان هەبووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق

فایەق زێدان: سێجار پۆستی سەرۆکوەزیرانم رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکەمەوە

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا سێ جار پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکاتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، سەرکردەکانی کورد ویستی جیاکردنەوەی هەرێمی کوردستانیان لە عێراق نییە.