رووداو دیجیتاڵ
دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵای پەرلەمانتارێکی دژی هەمواری یاسای باری کەسی رەتکردەوە. ئەندامێکی هاوپەیمانیی 188ـیش دەڵێت، "دژ بە هەمواری یاساکە دەوەستینەوە."
لە دانیشتنی رۆژی سێشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2024دا دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاری رەتکردنەوەی سکاڵای پەرلەمانتار نوور نافیع جلیحاوی دا کە دژی ئەوە تۆماری کردبوو پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای باری کەسی لە دانیشتنی رۆژی 4ـی ئابی 2024ی پەرلەمانی عێراقدا هەبوو.
دادگەکە لە پاساوەکەیدا دەڵێت: "رەتکردنەوەی سکاڵاکە بەهۆی ئەوەیە لە پسپۆڕییەتی دادگەکەدا نییە".
ئەو پەرلەمانتارە داوای لە دادگەی فیدراڵیی عێراق کردبوو سەرجەم لێکەوتەکانی کۆبوونەوەی چواری ئابی 2024 هەڵبوەشێنێتەوە.
رۆژی 4ـی ئابی 2024، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ رەشنووسی هەمواری یاسای باری کەسی کرد کە هەنگاوەکە رووبەڕووی کۆمەڵێک رەخنە بووەوە.
هاوپەیمانیی 188 کە لە ژمارەیەک رێکخراو، چالاکڤانی رێکخراوی مەدەنی و ژنان پێکدێت و ناوەکەی لە یاسای باری کەسیی عێراق ژمارە 188ـی ساڵی 1959 وەرگیراوە، لە دیارترین ئەو لایەنانەیە دژایەتیی هەمواری یاساکە دەکات.
نەدا سوڵتان، ئەندامی ئەو هاوپەیمانێتییە، رۆژی سێشەممە بە رووداوی گوت، "هەرچەندە سکاڵاکە لە دادگەی فیدراڵی رەتکرایەوە، بەڵام لە شوێنی دیکە سکاڵا تۆمار دەکەین. بە رێگە و شێوازی جیاواز بەرامبەر هەموارەکە دەوەستینەوە."
رۆژی 17ـی ئابی 2024 رێکخراوى چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ) بڵاویکردەوە، هەمواری یاسای باری کەسی رێگە بە مەرجەعە ئایینییەکان دەدات لەبری یاساکانی دەوڵەت، کاروباری هاوژینی و میرات دژی مافە بنەڕەتییەکان رێکخبەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ