گالەری


رووداو دیجیتاڵ

چەند ساڵێکە وشکەساڵی هەڕەشە لە عێراق دەکات و رۆژ لە دوای رۆژ مەترسیی وشکبوونی رووبار و دەریاچەکان زیاتر دەبن و ئاستی ئاو بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، بۆ یەکەمجاریشە دەریاچەیەکی مێژوویی لە عێراق بە تەواوی وشکدەبێت. 
 
دەریاچەی ساوە کە دەکەوێتە پارێزگای موسەننا لە باشووری عێراق و یەکێکە لە دەریاچە مێژووییەکانی ئەو وڵاتە، بەهۆی کەمی باران و لێدانی ژمارەیەکی زۆری بیری ئیرتوازی لە سنوورەکە بە تەواوەتی وشکیکردووە.
 
عۆن زیاب، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، رۆژی یەکشەممە 17-04-2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەریاچەی ساوە لە پارێزگای موسەننا لە باشووری عێراق بە تەواوەتی وشکبووە، یەکەم جارە لە مێژووی عێراقدا کە ئەوە روودەدات. بەشێک لە هۆکاری ئەم وشکبوونەی دەریاچەکە خراپبەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوییە لە ناوچەی دەوروبەری دەریاچەکە."
 
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، کەمی بارانبارین و گۆڕانەکانی کەشوهەواش هۆکارن بۆ وشکبوونی دەریاچەکە و دەشڵێت، "ئاوی ژێرزەوی سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی دەریاچەکەی دابین دەکرد."
 
عۆن زیاب، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق باس لەوەش دەکات، "وشکبوونی دەریاچەی ساوە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە لەسەر ژیان و گوزەران لە ناوچەکە، بەهۆی ئەوەی ئاوی دەریاچەکە زۆر سوێرە و بۆ هیچ شتێک بەکارناهێندرێت، تەنانەت هیچ زیندەوەرێک لە دەریاچەی ساوە ناژی و دەریاچەکە تەنیا شوێنێکی دەگمەن و تاڕادەیەک گەشتیارییە".
 
دەیاچەی ساوە پێنج مەتر لەڕووی ئاستی دەریاوە بەرزە، سەرچاوەی ئاوەکەشی لە "چاوێک"ـەوە هەڵدەقوڵێت کە لەنێو دەریاچەکەدایە.   
 
دەریاچەی ساوە یەکێکە لە گرنگترین دەریاچەکانی عێراق و نزیکەی پێنج کیلۆمەتر درێژە و دوو مەتر قووڵە، پانییەکەیشی زیاتر لە 1.5 کیلۆمەترە.