238 خێزانی دیکەی عێراقی لە کەمپی هۆل گەڕێندرانەوە

16-04-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گەڕاندنەوەی کاروانێکی دیکەی عێراقییەکانی کەمپی هۆل-ی راگەیاند، کە ژمارەیان 856 کەسە.
 
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی نیسانی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی دوێنێ 238 خێزانی عێراقی کە 856 کەسن، لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندرانەوە و لە کەمپی هیوا (جەدعە) لە باشووری شاری موسڵ جێگیر کران.
 
ئەمە 25ـەمین کاروانە، ئەم ساڵیش نۆیەمین کاروانە لە کەمپی هۆل دەگەڕێندرێنەوە.
 
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، تاوەکو ئێستا نزیکەی 15 هەزار کەس لە کەمپەکە گەڕێندراونەتەوە و نزیکەی 15 هەزاری دیکە ماون بگەڕێندرێنەوە.
 
شێروان دووبەردانی، نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شەوی رابردوو ئەو خێزانانە گەیشتوون و لە کەمپی هیوا نیشتەجێ کراون، ماوەیەک لەوێ دەمێننەوە و دوای شیاندنەوەیان لەو کەمپە دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان.
 
کەمپی هۆل، دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دایە. بەشێکی زۆری نیشتەجێی کەمپەکە ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن.
 
کەمپی جەدعە کە ئێستا پێی دەگوترێت ئەمەل (هیوا) دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی گەیارە لە پارێزگای نەینەوا. کەمپەکە ساڵی 2021 بۆ وەرگرتنی کەسوکاری چەکدارانی داعشی عێراقی دروستکرا.
 
شکستەکانی رێکخراوی داعش، بەتایبەتی لە ساڵی 2017 لە عێراق و دواتریش لە سووریا، رێکخراوەکەی بەرەو لاوازی برد. بەشێکی زۆری سەرکردەکانیان کوژران و بەشێکی زیاتری ئەندامەکانیشیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە