رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، کۆتایی ئەم ساڵ قۆناخی یەکەمی بەندەری گەورەی فاو تەواو دەبێت.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 16-03-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆتایی ئەم ساڵ قۆناخی یەکەمی بەندەری گەورەی فاو تەواو دەبێت".
بەندەرەکە لە نیمچە دوورگەی فاو لە پارێزگای بەسرە دروست دەکرێت، تێچووی گشتیی پرۆژەکە نزیکەی 4،6 ملیار یۆرۆیە، توانای بەندەرەکە 99 ملیۆن تۆن کەرستەی ساڵانەیە.
پڕۆژەکە رۆژی 5ـی نیسانی 2010 لەلایەن وەزیری ئەو کاتی گواستنەوەی عێراقەوە بەردی بناخەی دانرا.
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، "رووبەری بەندەری گەورەی فاو 54 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و گەورەترین بەندەر دەبێت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست".
مەیسەم سافی ئاماژەی بەوەکرد، بنکەیەکی دەریایی گەورەش پارێزگاری لە بەندەرەکە دەکات.
قۆناخی یەکەم پێنج پڕۆژەی لەخۆگرتووە. مەیسەم سافی گوتی، پڕۆژەکان بریتین لە: یەکەم، پێنج شۆستە کە تەواو بوون؛ دووەم، رێگەی نێوان ئوم قەسر و بەندەری گەورەی فاو بە درێژی 62 کیلۆمەتر؛ سێیەم: تونێلی ژێرئاو؛ چوارەم، کەناڵی دەریایی و پێنجەم گۆڕەپانی ئاڵوگۆڕکردن.
بەپێی دیزاینەکەی، بەندەرەکە دەبێتە گەورەترین بەندەری کەنداو، یەکێک دەبێت لە گەورەترینەکان لەسەر ئاستی جیهان، نەخشەی گواستنەوەی دەریایی لە جیهاندا دەگۆڕێت، لەبەرئەوەی کاڵاکان لە چین و ژاپۆن و باشووری رۆژهەڵاتی ئەورووپاوە بە رێگەی عێراقدا دەگەیەنێتە جیهان و بەپێچەوانەشەوە.
حکومەتی عێراق ساڵی 2010 پرۆژەکەی خستەڕوو و بەردی بناخەی لە نیسانی هەمان ساڵدا بۆ دانرا، ئەوکات تێچووی پرۆژەکە 4.4 ملیار یۆرۆ بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ