گالەری


رووداو دیجیتاڵ 

زۆنگاوی حەمار، گەورەترین زۆنگاوی عێراقە و دەکەوێتە پارێزگای زیقار. بەهۆی وشکەساڵییەوە لە چەند ساڵی رابردوودا نزیکەی 50٪ـی ئاستی ئاوەکەی کەمیکردووە و سەدان ماسیگر بێکار بوون. ئێستا ئەگەر سەردانی زۆنگاوەکە بکەیت، ژمارەیەکی کەمی راوچی دەبینیت. 
 
ماسیگرەکان خەڵکی گوندەکانی گەرمەت بەنی حەسەن و چەند گوندێکی دیکەی ئەو ناوچەیەن کە سەر بە ناحیەی بەنی سەعیدن. 
 
فایەق ئەمجەد زێدان، ماسیگرە لە زۆنگاوی حەمار، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە لێرە دەژین و بژێویی ژیانمان لەسەر ئێرەیە. رۆژانە دێین راوی ماسی دەکەین. ئێستا بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوەکە ماسییەکان دەمرن و روو لە کەمی دەکەن. ئێمە جگە لەم کارە هیچ کارێکی دیکە نازانین، چونکە چەندین ساڵە ئەمە پیشەی ئێمەیە. ئێستا تەنیا یەک جۆر ماسیی تێدا دەژی، بەڵام پێشتر چەندین ماسیی گەورە و جۆراو جۆری تێدا بوو. ئێستا چوار کیلۆ ماسی بە هەزار دیناری عێراقی دەفرۆشین و ئەویش بازاڕی کزە. پێشتر لەم زۆنگاوە بە هەزاران راوچی هەبوون و ئێستا چەند دانەیەکین. ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات، ئێمەش کۆچ دەکەین بەرەو شارەکانی دیکە."