رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا گۆڕانکاری لەو نەخشەیەدا دەکات کە تێیدا هۆشداریی بە هاووڵاتییانی دابوو سەردانی عێراق نەکەن.
رۆژی 13ی ئەم مانگە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی لەسەر داوای کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا چووە لەندەن.
لەگەڵ سەردانەکەدا وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە پێگەی فەرمیی خۆی ئەو نەخشەی عێراقی ئەپدەیت کردەوە کە تێیدا هۆشداریی بە هاووڵاتییانی دابوو سەردانی بەشێکی عێراق نەکەن.
پێش سەردانەکەی سوودانی، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، سەرجەم پارێزگاکانی عێراقی لەسەر نەخشە بە سوور دیاریکردبوو، داوای لە هاووڵاتییانی کردبوو بە هیچ شێوەیەک سەردانی ئەو پارێزگایانە نەکەن.
هەرچی لەبارەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا پارێزگاکانی بە رەنگی زەرد دەستنیشان کردبوو و داوای لە هاووڵاتییانی کردبوو کە تەنیا بۆ کاری پێویست سەردانی بکەن.
13ی مانگ نەخشەکە گۆڕانکاریی بەسەردا هات و بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق لەسەر نەخشەکە زەرد کران، واتە هاووڵاتییان دەتوانن بۆ کاری پێویست سەردانی ئەو ناوچانەش بکەن.
ئەو ناوچانەی پێشتر لە لیستی سووردا بوون و ئێستا لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاوە زەرد کراون بریتین لە بەشێکی پارێزگای ئەنبار، بەشێکی پارێزگای بەغدا، پارێزگای کەربەلا، بەشێکی پارێزگای نەجەف، پارێزگای بابل، پارێزگای دیوانییە، پارێزگای زیقار، بەشێکی پارێزگای دیالە، بەشێکی پارێزگای واست، بەشێکی پارێزگای میسان و بەشێکی پارێزگای موسەننا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردانەکەی بۆ بەریتانیا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە و چارڵسی سێیەم، پاشای ئەو وڵاتە کۆبوویەوە.
سوودانی و ستامەر چەندین رێککەوتنیان لەنێوان هەردوو وڵات واژۆ کرد، کە خۆیان لە بوارەکانی کۆچبەران، بازرگانی و وەبەرهێنان، ئاسایش و بەرگری دەبیننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ