بەها ئەعرەجی: پێویستە بۆ پاراستنی عێراق سەرجەم گرووپەکان چەکەکانیان دابنێن

14-12-2024
سیپان رۆژهەڵاتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق دەڵێ لەپێناو پاراستنی عێراق، پێویستە سەرجەم گرووپەکان چەکەکانیان دابنێن.
 
بەها ئەعرەجی، جێگری سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق لەکاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ــی تۆڕی میدیایی رووداو، کە لەلایەن شەهیان تەحسین پێشکێش دەکرێت، گوتی "بلینکن بۆ ئاگاداربوون لە هەڵوێستی عێراق لەبارەی سووریا، سەردانی بە‌غدای کرد."  
 
بەها ئەعرەجی دەڵێ بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەو هەیەتی "تاوەکو ئێستا هەڵوێستی ترەمپ بەرامبەر حکومەتی عێراق باشە، بەڵام پێویستە سەرجەم گرووپە چەکدارەکان واز لە چەکەکانیان بهێنن و هەموو بڕیارێک بدەنە دەست فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق." 
 
ئەعرەجی گوتی "ئەمریکا گەرەنتی بە عێراق داوە بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان هەردوولا هەیە، پشتگیریی عێراق دەکات، بەڵام پێویستە حکومەت رێگری لە دەستوەردانی گرووپە چەکدارەکان لە سووریا بکات." 
 
حکومەتی عێراق بەمەبەستی رێگریکردن لە دزەکردنی چەکدارەکان، ژمارەیەکی زۆر هێزی لەسەر سنوور جێگرکردووە. تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق پێشتر لەمبارەیەوە رایگەیاندبوو، زیاتر لە هێڵێکی بەرگرییان لەسەر سنوور لەگەڵ سووریا دا هەیە و سنووریان بە جۆرێک تووندکردووە "بواری دزەکردن نییە، هەواڵگری لەسەر سنوور چالاکە و ئاگاداری هەموو جموجۆڵێک دەبن."
 
بەها ئەعرەجی باسی لە ئامادەکارییەکانی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێک کرد و گوتی، "ئەوەی لە سووریا روودەدات، کاریگەریی لەسەر عێراق هەیە، بەڵام ئەو رێکارانەی لە هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو ئەنبار گیراونەتەبەر، بۆ رێگریکردنن لە هەموو رووداوێکن."   
 
لەبارەی دەسەڵاتی نوێی سووریا، بەها ئەعرەجی گوتی "پێویستە ئەو دەسەڵاتەی ئێستا هەیە، راگوزەر بێت و ماوەکەی دیاریکراو بێت، هەڵبژاردن بکرێت و پارێزگاری لە پێکهاتەکان و شوێنە ئایینییە پیرۆزەکان بکات."  
 
بەها ئەعرەجی لەبارەی دوارۆژی سووریاشەوە گوتی "ئەمریکا هەوڵدەدات دۆخی سووریا ئارام بکات، بەڵام تەمەنی ئەم ئیدارەیەی ئەمریکا کۆتاییهاتووە و پێویستە چاوەڕێی ئیدارەی ترەمپ بین تاوەکو بزانین؛ ئایا دان بەو رێککەوتنانەدا دەنێت کە کراون یان نا."
 
بەگوتەی بەها ئەعرەجی، چەند کێشەیەکی سەرەکی لە سووریا هەن، ئەوانیش بریتین لە "هەبوونی چەک بەشێوەیەکی فراوان لەنێو کۆمەڵگە و بەشدارنەبوونی پێکهاتە و لایەنە سیاسی و ئیتنییەکان لە بڕیاری سیاسی."  

 

 

  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە